كورد سیناریۆی جیاوازی بۆ 2017 هەیە

:: AM:10:39:12/01/2017 ‌

ساڵی 2016 بۆ بارودۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی كوردستان سەخت بوو، بۆ ئەوەی ئەو ئەستەمییە لە 2017دا دووبارە نەبێتەوە، پسپۆڕان و ئابووریناسان پێیان وایە پێویستە هەرێم چەند هەنگاوێك بنێت بۆ ئەوەی تەنگژەی دارایی بەرەو چارەسەر بڕوات.

لە 2016دا سەرەڕای شەڕی داعش و كێشەی سیاسیی ناوخۆی لایەنەكان، بەغدا سوور بوو وەك ساڵی 2015 بودجەی هەرێمی كوردستان نەنێرێت، ئەوەش وای كرد بارودۆخی ئابووریی كوردستان كەوتە تەنگژەوە و حكوومەتی هەرێم دووچاری قەرزێكی زۆری مووچەی فەرمانبەران و بەڵێندەران و كۆمپانیاكانی نەوت ببێت.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان پێی وایە، حكوومەتی هەرێم ئەركی سەرشانیەتی لە 2017دا دان بە هەندێك هەڵەدا بنێ‌ لە دۆسیەی فرۆشتنی نەوت و دیارنەمانی داهات.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان گوتی، "ئەگەر هەوڵی رژد لەناو حكوومەت نەبێت و فشاری لێ‌ نەكرێت، بەداخەوە دەبێت بڵێم 2017 زۆر لە 2016 قورستر دەبێت لە ڕووی ئابوورییەوە، هەم بۆ حكوومەت خۆی و هەم بۆ مووچەخۆران و كۆمپانیاكان و بەڵێندەران."

حەمەساڵح ئاماژەی بەوەش دا، ڕێگریكردن لە خراپ بەكارهێنانی داهاتی كوردستان، هۆكارێك دەبێت بۆ ئەوەی 2017 بارودۆخی ئابووری لە ساڵی ڕابردوو باشتر بێت.

حكوومەتی عێراق لە ساڵی 2014ـەوە بودجەی كوردستانی بڕیوە و دوای چەندان كۆبوونەوە و ڕاگەیاندنی چەند ڕێككەوتن، هێشتا كێشەكان وەك خۆیانن، لە نوێترین هەنگاویشدا لە یاسای بودجەی 2017ـی عێراقدا هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێم پابەند كراون بە جێبەجێكرنی ڕێككەوتنی نێوانیان، بەڵام حكوومەتی هەرێم هەرزوو پابەندبوونی خۆی ڕەت كردەوە.

ئەحمەد حاجی ڕەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕای وایە، بۆ 2017 پێویستە حكوومەتی هەرێم پابەندی یاسای بودجەی عێراق بێت.

ئەو گوتی، "پابەندبوونی هەرێم بە یاسای بودجەی عێراقەوە لە كێشەی مووچەی فەرمانبەران و قەرزی كۆمپانیاكانی نەوت ڕزگاری دەكات."

دووپاتی كردەوە، ساڵی 2017بۆ كوردستان دەبێتە ساڵێكی ئابووریی ئەستەم ئەگەر حكوومەتی هەرێم سوور بێت لەسەر پێڕەوكردنی ئەو سیاسەتە ئابوورییەی تا ئێستە لەسەری دەڕوات.

بەڵام ڕای پێچەوانەش هەیە و پێی وایە، هەرێم تا ئێرەی هێناوە و لە 2017دا بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و چاكسازییەكانی حكوومەت، بارودۆخی دارایی هەرێم باشتر دەبێت.

شیرین حەسەن، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، پێی وابوو پابەندبوونی هەرێم بە یاسای بودجەی عێراق، چارەسەری تەنگژەی دارایی هەرێم ناكات لە 2017دا.

زیاتر دەڵێ‌، "دروستكردنی ئابووریی سەربەخۆ حەوسەڵە و قوربانی دەوێت، پێشبینیش دەكەم بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و چاكسازییە دارایییەكانی حكوومەت، 2017 وەك ساڵی پێشوو ئەستەم نەبێت."

وشە/ سلێمانی- شاد كەیوان


وشە - تایبه‌ت