هۆكاری ئاگرەكەی هەولێر ئاشكرابوو

:: PM:01:21:13/07/2019 ‌
پارێزگاری هەولێر هۆكاری ئاگر کەوتنەوە لە كۆگاكەی هەولێر ئاشكرا دەكات و تا ئێستەیش ئاگرەكەش بەردەوامە و تیمەكانی ئاگركوژێنەوە سەرقاڵی كۆنتڕۆڵكردنین.

ئەمڕۆ شەموو 13ـی تەمووز، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لە شوێنی كەوتنەوەی ئاگرەكە رای گەیاند، ئەو كەلوپەلانەی لە كۆگاكە هەبوون بەشێوەیەكی باش هەڵنەگیراون، كاتێك ئاگرەكە چووەتە ناو كۆگاكە كۆنترۆڵكردنەوەی سەخت بووە بۆیە بەو خێراییە تەشەنەی كرد. 

زیاتر روونی دەکاتەوە، تیمەكانی ئاگركوژێنەوە بەهەموو شێوەیەك سەرقاڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكەن، بەڵام بڕێكی زۆری مادەی پلاستیك لە كۆگاكە هەیە بۆیە كۆنتڕۆڵكردنی سەخت بووە.

پێشتر بێوار زەیدی گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاندبوو، بەیانی ئەمڕۆ كۆگایەكی تایبەت بە كەلوپولی ناو ماڵ و بیناسازی لە هەولێر ئاگری گرت.

گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر گوتی، تیمەكانی بەرگری سەرقاڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكەن و ئێستە چوونەتە ناو كۆگاكە هەروەها هیچ زیانێكی گیانی لە ئاگرەكە نییە، چونكە هیچ كەسێك لە كۆگاكەدا نییە.

ئەو ئاگرە لە كاتێكدایە دوو ساڵی ڕابردوو دوو ئاگری گەورە لە هەولێر كەوتنەوە كە یەكێكیان بازاڕی سێبیرانی ناو بازاڕی قەیسەری بوو و ئەوەی تریش بازاڕی لەنگە بوو كە زیاتر لە دوو هەزار دووكان سووتان و زیانێكی زۆری مادی بەر هاووڵاتییان كەوت.



وشە - رامیار جەواد