لەسەر كوشتنی ژنەكەی سەرۆكی شارەوانی درایە دادگا

:: PM:06:36:13/07/2019 ‌
پڕۆسەی دادگایی كردنی سەرۆكی پێشتری شارەوانی تاران لەسەر كوشتنی هاوژینەكەی دەستی پێ كرد. خانەوادەی میترا ئاستاد داوای سزای سێدارە بۆ محەمەد عەلی نەجەفی سەرۆكی پێشتری شارەوانی تاران دەكەن دوای ئەوەی لە كۆتایی حوزەیرانی رابردوو دانی بە كوشتنی ژنەكەی دانا.

ئەمڕۆ شەموو 13ی تەمووز، دادگای تاوانەكان لە تاران، پڕۆسەی دادگایی كردنی محەمەد عەلی نەجەفی، سەرۆكی پێشتری شارەوانی تاران دەست پێ كرد.

نەجەفی لە دانپێدانانی كوشتنی میترا ئاستادی دەڵێ، كێشەی خێزانیان هەبووە، ژنەكەی بە چەقۆ هێرشی كردووەتە سەر، ئەویش وەك بڵێی بەرگری لە خۆی كردبێت بە چەك وەڵامی داەوەتەوە و كوشتوویەتی.

پۆلیسی تاران ئاماژەی بەوەدا كە تەرمی ئاستادییان لە گەرماوی ماڵەكەی دۆزیوەتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە سەرەتا نەجەفی رەتی كردووەتەوە ژنەكەی كوشت بێت، بەڵام دواتر لە 28ی حوزەیران دانی بە تاوانەكەی نا. خانەوادەی میترا، داوایان لە دادگا كردووە كە سزای لە سێدارە بەسەر نەجەفی بسەپێنن بەپێی شەریعەتی ئیسلام. 

پرسی كوژرانی ژنی سەرۆكی پێشتری شارەوانی تاران لە میدیاكانی ئەو وڵاتە دەنگدانەوەی گەورەی بەدوادا هاتووە، بەتایبەت كە نەجەفی زانایەكی بواری بیركاری و پڕۆفیسۆر و سیاسییەكی ناسراو بووە و لە ماوەی یەكی ئابی 2017 تا نیسانی 2018 سەرۆكی شارەوانی تاران بووە، پێشتریش راوێژكاری ئابووری حەسەن روحانی سەرۆك كۆمار بووە، هاوكات وەزیری خوێندنی باڵاش بووە و هەڵوێستەكانیشی هەمیشە هەڵوێستی چاكسازی خواز بووە.

ئەو پرسە سیاسییە چاكسازیخوازەكان و موحافیزكارەكانی بە گژ یەكدا هێناوە، موحافیزكارەكان داوا دەكەن بێ رەچاو كردنی پلە و پۆستەكانی دادگایی بكرێت وەك بەڵگەی شكستی چاكسازیخوازەكان، هاوكات چاكسازیخوازەكانیش رەخنەی ئەوە لە میدیاكانی ئێران دەگرن كە پرسەكەیان زیاد لە قەبارەی خۆیان بۆ بەرژەوەندی موحافیزكارەكان گەورە كردووە.


وشە - فه‌رمان سادق