ئەمڕۆ حكوومەت بڕیار لەسەر پێشنیازەكەی پارێزگای هەولێر دەدات

:: AM:11:02:12/01/2017 ‌

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ كۆبوونەوە دەبەستێ و بڕیارە گفتوگۆ لەسەر پێشنیازەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بكات.

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەم، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ببەستێ كە دوای ئەوەی بۆ مانگێك زیاترە كۆ نەبوونەتەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەش كە دەست "وشە" كەوتوون، بڕیارە لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا، گفتوگۆ لەسەر پێشنیازەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بكرێت، دوای ئەوەی پارێزگاكانی تری هەرێمی كوردستان پشتگیرییان كرد.

پڕۆژەكە بریتییە لە وەرگرتنی چەكی مووچەی فەرمانبەران، لە بری قەرزی خزمەتگوزارییەكان لە حكوومەت، ئەمەش وەك دووەم بابەتی كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران گەڵاڵە دەكرێ، ئەگەر لەوێش دەنگی لەسەر درا، دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەگوێرەی كارنامەی دانیشتنەكەی ئەمڕۆ، لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا ڕابەر سدیق بریكاری وەزارەتی دارایی بەوەكالەت، ڕاپۆرتێك لەبارەی داهات و خەرجییەكانی حكوومەت دەخاتە ڕوو، دواتر ڕاپۆرتی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر نەوت و خەرجی كۆمپانیاكان بەڕاپۆرتێك بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ئاشكرا دەكات و دواتر گفتوگۆ لەسەر بابەتە هەنووكەیییەكان دەكرێ.

جێی ئاماژەیە، ئەم پڕۆژەیە لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و دھۆك پشتگیری لێ كراوە و داوایان كردووە وەك پڕۆژەیەكی گشتی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند بكرێ تا لە هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستان بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام لەلایەن ئابووریناسان و پەرلەمانتارانەوە، بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەری و هەندێك وەك پڕۆژەیەكی سەركەوتوو كە خزمەت بە هاووڵاتی بگەیەنێ نایبینن.

كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ، سەعات 12:00 دەست پێ دەكات و بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی وەزیرەكان بەڕێوە دەچێت.

ڕۆژی 28ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئەو پڕۆژەیەی پەسند كرد كە وەك ئاماژەیان پێ كردووە، بە قازانجی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە و ماوەتەوە لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پەسند بكرێت بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێت. ئەگەر حكوومەتیش پڕۆژەكە پەسەند بكات، ئەوا بارێكی قەرز لەسەرشانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كەم دەبێتەوە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان 20% تا 75%ی مووچەی فەرمانبەرانی پاشەكەوت كردووە و دیار نییە كەی توانای دارایی حكوومەت بەرز دەبێتەوە تا قەرزەكە بۆ هاووڵاتییان بگەڕێنێتەوە. بەو پڕۆژە نوێیەی پارێزگای هەولێر، دەتوانرێت پارەی ئاو‌، كارەبا‌، سزاكانی هاتوچۆ ‌و هەموو جۆرە قەرزێكی حكوومەت بدرێتەوە.


وشە - وشه‌