شۆسته‌كه‌ی به‌قه‌ده‌ر شه‌قامه‌كه پانه
ساڵێكه پڕۆژه‌ی دووسایدی به‌حركه چووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و ئێسته كه له قۆناغی كۆتادا كار ده‌كرێت، له‌به‌ر ناستانداردی ژێرخاككراوی هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت و بێ پلانی، شه‌قامه‌كه مه‌تر و نیوێك لار كراوه‌ته‌وه، ئه‌و شه‌قامه كه پانییه‌كه‌ی ٦٠ مه‌تره، شۆسته‌كانی به‌قه‌ده‌ر شه‌قامه‌كه‌یه و به‌ڕێوه‌به‌رێك له سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی ده‌ڵێ، "ته‌نیشته‌كانی بۆ ئاوه‌ڕۆ جێهێڵدراوه كه پێویسته هه‌یبێ".
كاتێك له به‌حركه‌وه ڕووه و ناو هه‌ولێر به‌ڕێ ده‌كه‌وی، چه‌ندان ئامێری پێوه‌ست به ڕۆنانی ڕێگه‌وبان له ده‌سته ڕاست خه‌ریكی كاركردنن، ئه‌وانه ساڵێكه له‌و شوێنه سه‌رقاڵ و له جووڵه‌دان، ئێسته كه له قۆناغی كۆتایی كاره‌كانیانن، ڕه‌نگه هه‌ر مانگێكی تر له‌وێ ببینرێن، پێشتر ڕێی به‌حركه یه‌كساید بوو و له ساڵی ٢٠٠٥ دروست كرا، كه‌چی ئێسته كه به‌پێی ماسته‌رپلانی هه‌ولێر ده‌كرێت به دووساید، له‌به‌ر بوونی هێڵی ئینته‌رنێت، شه‌قامه‌كه نزیكه‌ی مه‌ترێك و نیو لار كراوه‌ته‌وه، بۆیه به‌شێك له قیری شه‌قامه كۆنه‌كه دێته بڕین و به‌ناچاری له لاكه‌ی تری لێی زیاد ده‌كه‌نه‌وه.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ت بۆ ڕوون ببێته‌وه، پێویستیت به ئامێری ئه‌ندازیاری و پێوانه‌كردنی ناكات، له شوێنی یه‌كتر بڕی شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری (كه ئێسته له ڕێی شه‌قڵاوه‌وه ڕووه و ئه‌وێ كاری لێ ده‌كرێت)، له ده‌سته چه‌پت نزیكه‌ی دوو مه‌تر له شه‌قامه كۆنه‌كه بڕاوه و به ڕوونی ئه‌وه پیشان ده‌دات.
ئه‌م پڕۆژه‌یه تێچووه‌كه‌ی نزیكه‌ی ملیۆنێك دۆلاره و به ته‌نده‌ر به "كۆمپانیای ساڵه‌یی" دراوه، سیروان به‌كر خاوه‌نی كۆمپانیاكه به"وشه"ی گوت، "له جێبه‌جێكردنی شه‌قامی دووسایدی به‌حركه، له هه‌ندێك شوێن هێڵی ئینته‌رنێت گرفتی بۆ دروست كردین".
زۆر له هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت به‌و شه‌قامه‌دا ڕه‌ت بوونه كه پێویسته به مه‌ودایه‌كی دیاریكراوی قووڵی و به‌ناو سندووقدا ڕابكێشرێن، به‌ڵام به‌پێی به‌دواداچوونی "وشه"، له هه‌ندێك شوێنی شه‌قامه‌كه هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت هه‌ر ژێر گڵ كراون و ته‌نیا ١٠سم خۆڵیان به‌سه‌ردا كراوه.
به‌پێی نه‌خشه‌ی شهقامهكهیش، هێڵه‌كان به‌بن قه‌راغی دوورگه‌ی ناوه‌ندی درێژ ده‌بنه‌وه، زیانی بڕین و گواستنه‌وه‌یان قه‌به و له ژمار نه‌هاتووه، بۆیه به ناچاری شه‌قامه‌كه‌ی مه‌تر و نیوێك بۆ خوار كراوه‌ته‌وه، كۆمپانیای جێبه‌جێكار كه پێشتر و له كاتی كاركردندا جارێك له هێڵی ئینته‌رنێتیان داوه، خاوه‌نی كۆمپانیاكه له‌وباره‌وه هیچی نه‌دركاند، به‌ڵام زانیارییه‌كانی "وشه"ی ڕه‌ت نه‌كرده‌وه.
به ناڕێكی دانان و دانهپۆشینیان به‌شێوه‌ی ستاندارد له ڕابردوودا، هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت جیا له‌و شه‌قامه، گرفتیان بۆ زۆر له شه‌قامه‌كانی تر دروست كردووه و له چاككردنهوهیاندا چه‌ندان په‌ڵه له شه‌قامه‌كاندا دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵام شوان یوسف به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌كنیكی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی هه‌ولێر بۆ "وشه" ده‌ڵێت، "ڕاكێشانی هێڵی ئینته‌رنێت له‌و شه‌قامه و دانه‌پۆشینی به‌شێوه‌ی دروست، ڕه‌نگه له كه‌مته‌رخه‌می كرێكاره‌كان بووبێت، ئه‌گه‌رنا ئه‌و مشاره‌ی به‌كاری دێنن بۆ بڕینی شه‌قام تا هێڵی ئینته‌رنێتی پێدا ڕه‌ت بكه‌ن، به‌پێی ڕێنوێنیمان له ٤٠ سم نابێ كه‌متر بێت".
"جیا له‌وه‌ش ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی له بواری ئینته‌رنێت كار ده‌كه‌ن، له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌ندازیاری هێڵه‌كانیان ڕاده‌كێشن كه ئه‌گه‌ر به ناڕێكی و پوختی دابنرێت، به ئاسانی لێی ده‌درێت و زیانیان به‌ر ده‌كه‌وێ" ئه‌مه قسه‌ی شوانه.
دووپاتیشی ده‌كاته‌وه، ئێسته كۆمپانیا له سنووری هه‌ر شاره‌وانییه‌ك كار بكات، پێویسته بچێت ته‌ئمینات دابنێت، كه ئه‌گه‌ر كاره‌كه به‌پێی ڕێنوێنی شاره‌وانی جێبه‌جێ نه‌كرێت، به پاره‌ی تهئمیناتهكه لیژنه‌یه‌ك پێك ده‌هێنرێت بۆ چاككردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه‌ی ئه‌وان تێكیان داوه.
به‌پێی زانییارییه‌كانی "وشه"، بڕی ته‌ئمیناتی كۆمپانیاكان ته‌نیا ٥٠٠ هه‌زار دیناره و ئه‌و بڕه بۆ كۆمپانیاكان كه پڕۆژه‌ی ملیۆنان دۆلاری جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و داهاته‌كه‌یان ده‌یان ساڵه‌یه، هێنده كه‌مه شایانی باس نییه. جیا له‌وه‌ی له هیچ كوێ نه‌بینراوه شاره‌وانی كۆمپانیایه‌ك ناچار بكات پرۆژه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه و بنیاتی بنێته‌وه، به‌هۆی كه‌موكوری و كه‌ره‌سته‌ی خراپه‌وه.
شوان ده‌ڵێ "به هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌یاندنی هه‌ولێر پڕۆژه‌كان جێبه‌جێ ده‌كرێن، له جێبه‌جێكردنی هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كدا چه‌ندان بۆڕیی پلاستیك و مه‌نهۆڵ داده‌نێین كه ئه‌مڕۆ كارمان پێیان نییه و ڕه‌نگه له دواڕۆژدا ببنه پێویستی، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له ڕابردوودا جێبه‌جێ كراون، ئه‌و ڕێكارانهیان بۆ نه‌گیراوه‌ته به‌ر."
ئه‌و به‌رپرسه ته‌كنیكییه‌ی شاره‌وانی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی لاركرانهوهی شه‌قامه‌كه له‌به‌ر هێڵی ئینته‌رنێت ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، به‌ڵام هۆی بڕین و فڕێدانی نزیكه‌ی دوو مه‌تری قیره كۆنه‌كه و لێ زیادكردنی له‌لاكه‌ی تر بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، تا مه‌ودای لاكانی ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌كه یه‌ك ئاست ببنه‌وه، دڵنیایی ده‌دات كه پڕۆژه‌كه وه‌ك خۆی جێبه‌جێ كراوه.
جیا له‌وه، ئێسته كه كاره‌كانی دووسایدی به‌حركه له قۆناغی ته‌واوبووندایه، شۆسته‌كانی به‌قه‌ده‌ر شه‌قامه سهرهكییهكهن، شوان ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، به‌هۆی شارۆكه‌كانی ده‌وروبه‌ر و ژماره‌یه‌ك له كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبوون، له ساڵی ٢٠٠٥ پارێزگای هه‌ولێر شه‌قامێكی یه‌كسایدی دروست كرد و ئه‌وكات ماسته‌رپلانی هه‌ولێر له توێژینه‌وه‌دا بوو، شه‌قامه‌كه به یه‌كسایدی ١٨ مه‌تری دروست كرا، به‌ڵام دواتر به‌هۆی قه‌ره‌باڵغی شه‌قامه‌كه‌وه، له نه‌خشه‌ی ماسته‌رپلانی هه‌ولێر به دووسایدی پانی ٦٠ مه‌تر جێگیر كرا.
زیاتر ده‌ڵێ "ئێمه به‌پێی ٦٠ مه‌تری كه ڕۆیشتووین و له 100 مه‌ترییه‌وه تا ١٥٠ مه‌تری، به ٣٣ مه‌تری و ڕاستی ڕۆیشتووه و ئه‌و مه‌ودایه‌ی له ته‌نیشتی شه‌قامه‌كه ماوه‌ته‌وه، بۆ دواڕۆژ جێهێڵدراوه كه پێویستی به ئاوه‌ڕۆ هه‌یه و له ئاینده و له‌كاتی بوونی بودجه‌دا، ده‌كرێت له ته‌نیشتی شه‌قامه‌كه جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌وكات ده‌رفه‌تی ئه‌وه هه‌یه شه‌قامه‌كه به‌رینتر بكرێت".
پاشخان:
ڕێی به‌حركه یه‌كێكه له ڕێ قه‌ره‌باڵغییه‌كانی هه‌ولێر و بوونی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆ له‌و ناوچه‌یه، هێنده‌ی تر ڕێیه‌كه‌ی قه‌ره‌باڵغ كردووه. شه‌قامه‌كه له ١٠٠ مه‌ترییه‌وه تا ناوه‌ندی به‌حركه نۆ كیلۆمه‌تره، له ڕابردوودا سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی هه‌ولێر به هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارێزگا كیلۆمه‌ترێك و ٤٠٠ مه‌تری دوو سایده‌كه‌ی به‌حركه‌ی له 100 مه‌ترییه‌وه تا ١٢٠ مه‌تری به پانی هه‌ر سایدێكی ١٤ مه‌تر و دوورگه‌ی ناوه‌ندی پێنج مه‌تر جێبه‌جێ كرد، دوای ئه‌وه‌ی ١٠٠ مه‌تری به ١٢٠ مه‌تری به‌سترایه‌وه، به‌هۆی ته‌نگژه‌ی داراییه‌وه سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر ته‌نیا كیلۆمه‌تر و نیوێكی پێ ته‌واو كرا و ئه‌وه‌ی ئێسته له‌سه‌ر ئه‌ركی ڕێكخراوی UNDP تا شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری دووسایده‌كه درێژ ده‌كاته‌وه.
له ١٦ی حوزه‌یرانی ٢٠١٨ پڕۆژه‌ی به دووسایدكردنی به‌حركه به وه‌به‌رهێنی ناوخۆ دراوه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ماوه‌كه‌ی تا ١٥\٦\٢٠١٩یه، به‌ڵام هێشتا هه‌ندێك كاری ماوه ته‌واو بكرێت.
وشه/ هه‌ولێر. چواس خالید