ژمارەیەك لەو ئافرەتە هەڕەشە لێكراوانەی لە ماڵی داڵدەدانیی ئافرەتانی هەڕەشە لێكراو، دەدرێنەوە خێزانەكانیان، چارەنووسیان نادیارە و ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە. بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی هەرێمیش دەڵێت، ساڵی رابردوو دوو حاڵەتی لەو شێوەیە تۆمار كراوە و ئەمساڵیش لە هەولێر حاڵەتێك تۆمار كراوە .
ئەمڕۆ پێنجشەم كوردە عومەر بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ساڵی 2016دا ژمارەی ئافرەتانی هەڕەشە لێكراو لە شارەكانی هەرێمی كوردستاندا 700 ئافرەت بووە، لەو ڕێژەیەش دوو ئافرەتی هەڕەشە لێكراو لەلایەن ماڵباتەكانیانەوە دوای رادەستكردنەوە پێیان، كوژراون لە شارەكانی سلێمانی و دهۆكن و ئەمساڵیش لە شاری هەولێر حاڵەتێك تۆمار كراوە .
هاوكات موقەدەمی مافپەروەر ژیلەمۆ عەبدولقادر بەڕێوەبەری بەدواداچوون و توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بە پێی نووسراوی دادوەر، ئافرەتانی هەڕەشە لێكراو دەهێنرێن بۆ ماڵی داڵدە لە شارەكاندا، دواتر بە وەرگرتنی ڕەزامەندی ئافرەتەكە و بە بڕیاری دادوەر دەدرێنەوە بنەماڵەكانیان.
بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە ئەمساڵ یەك حاڵەتی كوشتنی لەو جۆرە لە هەولێر ڕووی داوە و بكوژانی ئافرەتەكە گیراون و حوكم دراون.
ئەو ڕوونیشی دەكاتەوە ئەو ئافرەتانەی كە دەدرێنەوە بە خێزانەكانیان، بەڵێننامەیان پێ پڕ دەكرێتەوە و لەلایەن سەنتەری ڕاوێژكاری خێزانییەوە بەدواداچوونیان بۆ دەكرێت.
ژیلەمۆ عەبدولقادر زیاتر دەڵێت هەر 15 ڕۆژ جارێك دەبێت ئافرەتەكە بێتە لای ئێمە بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی كە كێشەی نییە و هەڕەشەی لەسەر نییە، پڕۆسەكەش تا شەش مانگ بەردەوام دەبێت .
ئەو لەبارەی گرتنی بكوژانی ئافرەتانی هەڕەشە لێكراو روونی كردەوە، بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانە دەكرێت كە بەڵێننامەكەیان پڕ كردووەتەوە.
جگەلەمە بەدواداچوونی ئەو دۆسیانە كاری بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییە لە شارەكان و ئەوانەی ڕۆڵی سەرەكیان هەبووە لە كوشتنی ئەو ئافرەتانە، زۆربەیان گیراون و هەندێكیان بە ١٥ ساڵ زیندانیی حوكم دراون.
هەولێر / هێمن ڕەفیق