چەند كێڵگەیەكی بەرهەمهێنانی مادە هۆشبەرەكان ئاشكرا بوون

:: PM:02:31:14/07/2019 ‌
لە ناوچەیەكی پارێزگای دیالەی  نێوان بەغدای پایتەختی عێراق و هاوسنووری شارۆكەی خورماتووی ناوچەی كوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كێڵگەی تایبەت بە مادە هۆشبەرەكان لەناو باخ و دارستانی چڕ ئاشكرا كراوە و تا ئێستە كەس نەگیراوە، بەرپرسێكی حكوومەتی عێراق نزیك لە حەشدی شەعبی دووپات لە راستی ئەو هەواڵە دەكاتەوە  و لیژنەی كشتوكاڵی ئەنجوومەنی دیالەش هۆشداری دەدا لە پەرەسەندنی ئەو دیاردەیە.

ئەمڕۆ یەكشەم 14ی تەمووز، عودەی خدران قایمقامی شارۆكەی خاڵسی سەر بە پارێزگای دیالە بە "وشە"ی راگەیاند، لەم رۆژانەدا لەچەند جێیەكی دەوروبەری شارۆكەی خاڵس و عوزێم لەلایەن پۆلیس و یەكە كارگێڕییەكانی ناوچەكە چەند كێڵگەیەكیان دۆزیوەتەوە كە مادەی هۆشبەری تیادا بەرهەم هێنراوە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، پاش بەدواداچوونی ورد بۆمان دەركەوتووە كە مادەهۆشبەرەكان لە جۆری حەشیش بوونە و لەو كێڵگانە بەرهەم هاتوون.

دووپاتی دەكاتەوە، ئەو كێڵگانە زیاد لە چوار دۆنم دەبن و تاوانكاران سوودیان لەو باخ و بێستانانە بینیوە كە خاوەنەكانیان بەجێیان هێشتووە و و بووەتە گژوگیا و شوێنێك كە هەستی پێ نەكرێت.

ئەو بەرپرسە حكومییە ددانی بەوە دا نا كە كاری بردن و هاوردەكردن بەو مادانە كراوە و نەیانتوانیوە ئەو تاوانبارانە بگرن، بەڵام لە كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی چاندن و بەرهەمهێنانی ئەو مادە هۆشبەرانە سەركەوتوو بوون.

هاوكات لیژنەی كشتوكاڵی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دووپات لە مامەڵەكردن و گواستنەوەی ئەو بەرهەمانە دەكاتەوە لە ناوچەكانی دیالە و دەرەوەی دیالە چی بۆ بەغدا چی بۆ هەرێمی كوردستان و هەر ناوچەیەكی تر

حەفی ئیسماعیل سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بۆ "وشە" ئاماژەی دا، داوایان لە بەرپرسانی دیالە كردووە رێگری بكەن لە چاندنی ئەو مادە هۆشبەرانە.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی




وشە - هیدایه‌ت جان