نرخی لیرە گەیشتە نزمترین ئاست


نرخی لیرە لە دابەزین بەردەوامە و لە سەرەتای ئەمساڵەوە ١٠%ی تر لە نرخەكەی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریكی دابەزیوە. دابەزینی نرخی لیرە ئابووریی توركیای تووشی مەترسییەكی گەورە كردووەتەوە.

تەنیا دوێنێ چوارشەم لیرە بە رێژەی ٣% دابەزی و گەیشتە ٣.٩٠ بۆ هەر دۆلارێكی ئەمەریكی و ئێستەش نرخەكەی لە بازاڕ ٣.٨٨ ە بەرامبەر بە دۆلارێك.

هاوكات لیرە بەرامبەر بە یۆرۆش دابەزی و گەیشتە ٤.١ بۆ هەر یۆرۆیەك. لە دوای كۆدەتاكەی توركیا لە مانگی تەمووزی ساڵی رابردوودا ئەو رێژەیە لە دابەزین بە زۆرترین رێژەی دابەزینی رۆژانە هەژمار دەكرێت.

راگەیاندنی بەرزبوونەوەی كورتهێنانی بودجەی توركیا لە گرنگترین هۆكارەكانی داشكانی نرخی لیرە لە رۆژی چوارشەمدا هەژمار دەكرێت. رۆژێك پێشتر بانكی ناوەندیی توركیا ملیارێك و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕی توركیاوە و مەبەستی ئەوەبوو رەوتی دابەزینی نرخی لیرە رابگرێت.

هۆكارێكی تر لە دابەزینی نرخی لیرە بریتییە لەو دۆخە سیاسییەی تووشی توركیا بووە و پەرلەمانی توركیا دەستی كردووە بە هەڵسەنگاندنی مادەكانی پڕۆژەی پێشنیاركراوی هەمواركردنی دەستووری وڵات و رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆر بووەتەوە. ئاكپارتی بەو پڕۆژەیە دەیەوێت سیستەمی سیاسیی توركیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی بگۆڕێت.

لە لایەكی ترەوە لە ماوەی رابردوودا كۆمەڵێك تەقینەوە لە شارەكانی توركیا روویان داوە و ئەو وڵاتەی لە رووی تەناهییەوە هەژاندووە.

یەكەم دانیشتنی داڕشتنی سیاسەتی دارایی بانكی ناوەندیی توركیا، دوو هەفتەی تر بەڕێوە دەچێت.

سەرچاوە/ بی بی سی


وشە - سلێمان تاشان


AM:11:44:12/01/2017




ئه‌م بابه‌ته 4167 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌