دیبالا هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید بێ هیوا دەكات

:: AM:11:55:12/01/2017 ‌

پاولۆ دیبالای ئەستێرەی لاوی ئەرجەنتینی و هێرشبەری یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی هیوای خواست بە زووترین كات لەگەڵ بەرپرسانی یانەكەی دانیشێت بۆ ئەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵیاندا نوێ بكاتەوە.

دیبالا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی (رای سپۆڕت)ی ئیتاڵی رەتی كردەوە لەگەڵ هیچ یانەیەكی تری گفتوگۆ كردبێت سەبارەت بە جێهێشتنی یانەی یۆڤانتۆس.

زیاتر گوتی: لە یانەی یۆڤانتۆس دڵخۆشم و لە چەند رۆژی داهاتووشدا بەڕێوبەری كارەكانم لەگەڵ بەرپرسانی یانەكە كۆ دەبنەوە بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە نوێكردنەوەی گرێبەستەكەم.

لەچەند رۆژی داهاتوودا دەنگۆی ئەوە هەبوو كە بۆ وەرزی داهاتوو دیبالا دەچێتە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بەتایبەتیش دوای ئەوەی ئەریگۆ ساكی راهێنەری ناوداری ئیتاڵی ئاشكرای كردبوو كە بەرپرسانی یانەی شاهانە بەشێوەی نهێنی گفتوگۆ لەگەڵ دیبالا دەكەن تا هاوینی داهاتوو چوونی ئەو یاریزانە لاوە بۆ یانەكەیان یەكلایی بكەنەوە.

لەبەرامبەردا دیبالا جەختی كردەوە كە ئێستا تەنیا بیر لە مانەوەی لە ریزی یانەی یۆڤانتۆس دەكاتەوە و هەر خۆشی بڕیار دەدات.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی بەرشەلۆنە ماوەیەكی زۆرە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ئەو یاریزانە دەدات كە لەنێو جەماوەی یانەكەدا بە میسی نوێ دێتە ناسین.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م