لە هەڵەبجە دووەمین فێستیڤاڵی هەنار بەڕێوە چوو


دووەمین فێستیڤاڵی هەنار بۆ بەرهەمە خۆماڵییەكانی پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوە چوو. 

ئەمڕۆ یەكشەم لە شاری یاریی پارێزگای هەڵەبجە دووەمین فێستیڤاڵی هەنار بەڕێوە چوو، دوای ئەوەی  ساڵی پار لە شارەدێی "سیروان"ی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوە چوو بوو، ئەمساڵ تایبەتە بە بەرهەمە خۆماڵییەكانی هەڵەبجە، چونكە لە بەرهەمی هەنار بەناوبانگە بۆیە فێستیڤاڵەكەش بەناوی هەنار ناو نراوە و لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵ و ئەنجوومەنی رێكخراوەكانی هەڵەبجە و كشتوكاڵی هەڵەبجە ئەنجامیان داوە.

مەنزەر عەلی سەرۆكی ئەنجوومەنی رێكخراوەكانی هەڵەبجە و سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەكە بە "وشە" گوتی: ئەمە دووەم ساڵی فێستیڤاڵەكەیە كە تایبەتە بە بەرهەمە ناوخۆیی و كارە دەستییەكان و خواردنەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، ئەمساڵیش بە دەیان جووتیار و خانم و هاووڵاتی بەشدار بوون تێیدا.

زیاتر گوتی: ئامانجمان لە ئەنجامدانی ئەم فێستیڤاڵانە، خستنەڕووی بەرهەم و تواناكانی جووتیاران و هاووڵاتییانی شارەكە و زیاتر یەكترناسینی ئەو هاووڵاتییانە و پیشاندانی بەرهەمەكیان و وەرگرتنی ئەزموونەكان لە یەكتری، بۆیە بەردەوام دەبین لەم فێستیڤاڵە و هەموو ساڵێك بەڕێوەی دەبەین.

روونی كردەوە: بەرهەمەكان زۆرن وەك هەنار، ترێ، روبە هەنار، چەندان جۆر گوڵ، كەلوپەلی دەستكرد،، هەنجیر و دەیان جۆری تر لە كەلوپەلی خۆماڵی.

عەزیز محەمەد یەكێك لە جووتیارانی بەشداربووی فێستیڤاڵەكە بە "وشە"ی گوت: من  ئەمڕۆ بەرهەمی هەناری باغەكەی خۆم هێناوە بۆ ئەم فێستیڤاڵە و بۆ ئەوەی لێرە پیشانی خەڵكی بدەم، لەگەڵ ئەوەشدا دەیانفرۆشم. ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە پێویستن چونكە هاوكارن بۆ پیشاندان و خستەرووی بەرهەمەكانمان.

هەڵەبجە دەكەویـَتە 83 كیلۆمەتر باشووری رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی، ئەو شارە بەرهەمی كشتوكاڵی و باغداری زۆرە و بەناوبانگە بە باشترین هەناری كوردستان و پارساڵ بەرهەمی هەنار لەو شارە 15 هەزار تۆن زیاتر بووە، هەروەها چەندان جووتیاری نموونەیی تێدایە، وەك ئازاد محەمەد كە جووتیارە و ئەمساڵ خەڵاتی جووتیاری نموونەیی لە هەموو كوردستان پێ بەخشرا.

هەڵەبجە: سەلام هانەدنی


وشە - كوردۆ شابان


PM:01:45:16/10/2016




ئه‌م بابه‌ته 1154 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌