میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە كە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕاوێژكاری فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران قاسم سولەیمانی وەك باڵوێزی نوێی ئێران لە بەغدا دیاری كردووە، دوای تەواوبوونی ئەركی باڵوێزی ئێستەی ئێران لە بەغدا حەسەن دانایی فەڕ.
عەمید ئیرەج مەسجیدی ڕاوێژكاری قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا پۆستی باڵوێزی ئێران لە بەغدا وەربگرێت.
ڕۆژنامەی "عەسری ئێران" بڵاوی كردەوە، كە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناوبراو دیاری كراوە و خۆیشی ئاگەدارە و وەرگرتنی پۆستی باڵوێزی بەغدا بۆ ئەو بە تەواوی یەكلا بووەتەوە، باڵوێزی ئێستە ماوەی ئەركەكەی كۆتای هاتووە و لە بەغدا نامێنێتەوە.
پێگەی "
سكای پرێس" لە ڕۆژنامەكەی ئێرانی گواستووەتەوە كە دانانی مەسجیدی لە پۆستی باڵوێزی ئێران لە بەغدا، دوای گفتوگۆ و دانوستاندنی نێوان محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و جەنەراڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران دێت.
ئیرەج مەسجیدی پلە سەربازییەكەی "عەمیدە"ە و ڕاوێژكاری باڵای قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانە. ناردنی كەسێكی سەر بە سوپای پاسداران بۆ بەغدا لە كاتێكدایە بەردەوام لایەنە سوننییەكانی عێراق و وڵاتانی سوننە، ناڕەزایی توند بەرامبەر بە دەستوەردانی ئێران لە كاروباری عێراق دەردەبڕن، بەرپرسانی حكوومەتی نوێی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكاش كە هەشت ڕۆژی تر دەسەڵاتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەگرنە دەست، بە توندی دژی دەستوەردانەكانی ئێران لە عێراق لێدوان و بۆچوونیان دەربڕیوە.