پەیەدە داوا دەكات پارتی ناوەندگیرییان لەگەڵ ئەنەكەسە بكات

:: PM:08:17:14/07/2019 ‌
شاندێكی ڕۆژئاوای كوردستان سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن و لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكان كۆ بوونەتەوە، ئەو شاندە داوایان لە پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە ناوەندگیریی نێوان ئەنەكەسە و تەڤدەم بكات و هاوكات داوای هاوكاریی و هاوئاهەنگییان لە سەرجەم هێز و لایەنەكان كردووە.

شاندەكەی ڕۆژئاوا ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو لە هەرێم بوون، پێك هاتبوون لە شاهۆز حەسەن هاوسەرۆكی پارتی یەكێتیی دیموكرات- پەیەدە، جەمال شێخ باقی سەرۆكی پارتی دیموكراتی سووریا، محەمەد مووسا سەرۆكی پارتی چەپی كورد، مستەفا مەشایەخ جێگری سەرۆكی پارتی یەكێتی كورد، جیهان خەلیل نوێنەری كۆنگرەی ستار لە باشووری كوردستان.

یەكەم كۆبوونەوەی ئەو شاندە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بووە و بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، داوایان لێ كردوون لە جیاتی فڕەنسا، پارتی ناوەندگیریی ئەنەكەسە و تەڤدەم بكات بۆ ڕێككەوتن و گەڕانەوەیان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان.

جەمال شێخ باقی سەرۆكی پارتی دیموكراتی سووریا كە یەكێك بوو لە ئاندامانی شاندەكە، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، پێشتر فڕەنسا پێشنیاری كردبوو ناوەندگیریی ئێمە و ئەنەكەسە بكات، بەڵام ئێمە گوتمان با پارتی ئەو كارە بكات و پێشنیارمان كرد، ئەوانیش پێشوازییان لێ كرد و گوتیان هەر كارێك بە ئێمە بكرێت لەوبارەیەوە كەمتەرخەمی ناكەین.

باقی دەڵێ، "سەردانەكەی ئێمە بۆ گفتوگۆ بوو لەبارەی پێشهاتەكانی ناوچەكە و ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوا و باكور و ڕۆژهەڵات دەبنەوە، پێویستە هەمیشە یەكگرتوو بین تا لە بەردەم مەترسییەكان خۆڕاگر بین."

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئەو شاندە داوایان لە پارتی كردووە لە پرسی ئیدارەدان و پاراستنی دەستكەوتەكانی ڕۆژئاوا هاوكارییان بكات و پارتیش هەموو ئامادەییەكی دەربڕیوە.

"سووریا خەریكە لە ڕووی سەربازییەوە چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە، دەبێ كوردیش ئاگای لە خۆی بێت و بۆ ئەو مەبەستە داوای هاوكاریمان لە هەموو هێز و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان كرد." جەمال شێخ باقی وای گوت.

كۆبوونەوەی ئەو شاندە لەگەڵ پارتی دوور لە چاوی میدیاكان بووە، بۆیە بەشێك لە سەركردایەتیی ئەو حزبەیش لێدوانی لەبارەوە نادەن.
ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی كە نەیویست ناوی بهێنرێت بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، شاندەكە بۆ پشتگیری هاتبوون لەگەڵ لایەنەكان كۆ ببنەوە، بەتایبەت دوای پرسی چارەسەری دۆسیەی سووریا، دەیانەوێ ئیدارەی ناوچەكانی ژێردەستیان لای خۆیان بمێنێتەوە.

دووپاتی كردەوە، "پێشنیاری ئەوە كراوە پارتی ناوەندگیریی ئەنەكەسە و تەڤدەم بكات لە جیاتی فڕەنسا، ئەو پێشنیارەش قبووڵ كراوە."

لایەنەكانی هەرێمی كوردستان ڕەخنە و تێبینیی خۆیان لەسەر شێوازی ئیدارەدانی تەڤدەم بە شاندەكەی ڕۆژئاوا راگەیاندووە و هەندێ نیگەرانییان پێشان داون، بەتایبەت لە پرسی ناكۆكییان لەگەڵ هێزەكانی ناو ئەنەكەسە، شاندەكەی ڕۆژئاوا ئەوەی خستووەتە ڕوو كە لەو پرۆسە نوێیەی ناوەندگیریدا هەڵوێستی نوێ دەنوێنن.

سامان گەرمیانی ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژەی بەوە دا كە كۆبوونەوەیان لەگەڵ یەكێتی بۆ پرس و ڕاگۆڕینەوە بوو، شاندەكەی ڕۆژئاوا باسیان لە مەترسییەكانی سەر ڕۆژئاوا و بەشەكانی تری كوردستان كرد و داوای هاوكاریشیان كرد.

ئێستە ئەمەریكا دەیەوێ لە سووریا هێزەكانی بكشێنێتەوە، مەترسیی هێرشەكانی توركیا لەسەر ڕۆئاوای كوردستان زیاتر بووە، هاوكات ڕووسیا و حكوومەتی ئەسەد دەیانەوێ تەواوی ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە ژێر كۆنتڕۆڵی دیمەشق، بۆ ئەوەش لایەنەكانی ڕۆژئاوا داوای هاوكارییان لە هەرێم كردووە كە چۆن لەم دۆخە ڕزگاریان ببێت.

گەرمیانی ئەوەیشی گوت، "داوایان كرد ئەگەر كۆنگرەی نەتەوەییش نەكرێت، كۆبوونەوەیەكی سەرانسەریی هێزەكانی هەر چوار پارچە بكرێت تا بتوانرێ یەكڕیزی و هاوكاریی هەموو لایەك بەیەكەوە بچەسپێنرێت".

پێشتر دوو رێككەوتنی "هەولێر یەك و هەولێر دوو" لە هەرێمی كوردستان لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە سەرپەرشتی كراوە لە نێوان پەیەدە و ئەنەكەسە، بەڵام پەیەدە رێككەوتنەكانی جێبەجێ نەكرد، هەرچەندە هەردووجار سەرۆكەكەیان واژووی كردووە.

وشە/ سلێمانی- هەستی كەمال
 



وشە - تایبه‌ت