چواریان داخران.. ئاگەداری خۆراكی بەسەرچووی ماركێتەكانی هەولێر بن

:: PM:12:05:12/01/2017 ‌

بەهۆی فرۆشتنی خواردنی بەسەرچوو، ژمارەیەك كۆگە و ماركێتی هەولێر داخران و ژمارەیەكی تریش هۆشدارییان دراوەتێ.

نەقیبی پۆلیس "هۆگر عەزیز محەممەد" گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە "وشە"ی گوت: چوار ماركێتی شاری هەولێر داخران و سێ ماركێتی تریش هۆشدارییان دراوەتێ، هۆكارەكەشی بریتییە لە پابەند نەبوون بە یاساكان و فرۆشتنی كاڵای بەسەرچوو لەگەڵ نەبوونی مۆڵەتی كاركردن.

ئەمڕۆ پێنجشەم، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاوی كردەوە كە لیژنەی پشكنین و چاودێری بازار كە پێك هاتبوون لە پۆلیسی ڕێككاری و تەندروستی، چاودێری بازرگانی، ڤێرتنەری و بەشی شارەوانی و خزمەتگوزاری بە سەرپەرشتیی قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، سەردانی چەندان سوپەرماركێت و چێشتخانە و كافتریا و ساردەمەنی كرا، توانرا دەست بەسەر چەند كاڵای ماوە بەسەرچوودا بگیرێت.

ئاماژە بەوەش كراوە كە دوای دەستگرتن بەسەر كاڵاكان، لەلایەن شارەوانی لەناو بران و ڕێككاری یاسایی بەرامبەر خاوەن كۆگەكە گیرایە بەر.










وشە - وشه‌