دوو گەڕەكی مووسڵ لە تیرۆریستان پاك كرانەوە

:: PM:12:19:12/01/2017 ‌

شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی سوپای عێراق لە دوو ڕاگەیەنراوی جیادا كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوەتی دوو گەڕەكی تری بەری چەپی شاری مووسڵی لە چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەش داوە، كە زیانی گیانی زۆر بە تیرۆریستان گەیەنراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی سوپای عێراق ڕزگاركردنی گەڕەكی سۆمەری ڕاگەیاند، فەریق ڕوكن عەبدولئەمیر ڕەشید یاروڵا ئاشكرای كرد، هێزەكانی وەڵامی خێرا و فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵی توانیان گەڕەكی "سۆمەر" لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە.

لە ڕاگەیەنراوێكی تردا شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی سوپای عێراق ئاشكرای كرد، هێزەكان توانیویانە هەر ئەمەڕۆ گەڕەكی "ساهرون" لە باشووری كەناراوەكانی بەری چەپی شاری مووسڵ لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە.

ئاماژە بەوەش دراوە، كە زیانی زۆری گیانی بەر تیرۆریستانی داعش كەوتووە و ئەوان بەردەوامن لە شكست و هێزەكانیش لە پێشڕەوی بەردەوامدان.

هێزەكانی دژە تیرۆر و سوپا و پۆلیسی فیدراڵی تا ئێستە 50 گەڕەكی بەری چەپی شاری مووسڵیان كۆنتڕۆڵ كردووەتەوە و تیرۆریستانیش بەردەوام هەوڵ دەدەن لە ڕێی خۆكوژ و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و نیشانشكێنەكانەوە ڕێگە لە پێشڕەوییەكانی هێزەكانی عێراق لە نێو گەڕەكەكانی بەری چەپی شاری مووسڵ بگرن، بەڵام ئەوان بەردەوامن لە پێشڕەوی.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و دەكەوێتە 405 كیلۆمەتر باكوری بەغدا و ڕووبەڕی تەواوی پارێزگای نەینەوا 25 هەزار كیلۆمەتری چوارگۆشە دەبێ، ژمارەی دانیشتووانی بەر لە هاتنی تیرۆریستان نزیكەی دوو ملیۆن كەس بووە و یەكێكە لە شارە مێژوویییەكانی سەر گۆی زەوی، رۆژی 10 حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای هەڵاتنی نزیكەی 60 هەزار سەرباز و پۆلیسی عێراق كە لە نێو شارەكە ئەركیان دەبینی، شارەكە بە تەواوی كەوتە دەست تیرۆریستانی داعش.

ڕۆژی 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 2016 هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسعوود بارزانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان یەكەم هەنگاوی هەڵمەتی ڕزگاركردنەوەی شاری مووسڵیان گرتەبەر و لە سەرجەم میحوەرەكانەوە پێشمەرگە دەستی بە پێشڕەوی كرد و هێڵی پێشەوە و بەرگری تیرۆریستانی لە تەواوی میحوەرەكان تێكشكاند و دواتریش هێزەكانی عێراق دەستیان بە پێشڕەوی كرد بۆ سەنتەری شارەكە.

سەرچاوە/غەدپرێس.


وشە - باز ئه‌حمه‌د