توندوتیژی دژ بە ژنان كەمی كردووە و یاساكەشی هەموار دەكرێتەوە

:: PM:01:57:15/07/2019 ‌

 

بەراورد بە پێنج مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو، ئەمساڵ توندوتیژی دژ بە ژنان كەمی كردووە. بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، هۆكارەكەی بۆ هۆشیاری كۆمەڵگە و باشبوونی باری ئابووری دەگەڕێنێتەوە و دەڵێ، پڕۆژەیان ئامادە كردووە بۆ هەموواری یاساكە و باشتر كردنی.


بەگوێرەی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، بۆ پێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵ، لە تەواوی كوردستان 18 حالەتی كوشتن تۆمار كراوە و 25 ژنیش خۆیان كوشتووە، هاوكات 89 حالەتی سووتان و 49 ژنیش خۆیان سووتاندوە، دەستدرێژی سێكیش كراوەتە سەر 43 ژن و چوار هەزار و 77 ژنیش سكاڵایان تۆمار كردووە.


ئەو ژمارانە بە بەراورد بە پێنج مانگی یەكەمی ساڵی 2018، دەردەكەوێت، چوار ژن كەمتر كوژراون، چوار ژن كەمتر خۆیان كوشتووە، سووتان لە 89 حالەت بۆ 61 كەمی كردووە بەڵام خۆسووتان لە 49 بۆ 51 زیادی كردووە، جگە لەمەش دەستدرێژی سێكیسش لە 61 حالەت بۆ 43 كەمی كردووە، بەڵام سكاڵای ژنان دژ بە پیاوان زیادی كردووە و لە سێ هەزار و 299 بووە بە چوار هەزار و 77.


بەگشتی ئاماری 2018 بە بەراورد بە 2017، ژمارەكان جگە لە سكاڵا تۆمارکردن، سەرجەمیان كەمی كردووە، كوردۆ عومەر بەڕێوەبەری گشتی توندوتیژی دژ بە ژنان دەڵێ، هۆكارەكانی كەمبوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، پێوەندیدارە بە هۆشیاری كۆمەڵگە لە رێگەی هەڵمەتەكانی هۆشیاری بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی و رێكخراوەكان، جگە لەمەش باشتر بوونی باری ئابووری هاووڵاتییان یەكێكی ترە لە هۆكارەكان.

زیاتر گوتی "ئەگەر سەرنج بدەین توندوتیژی لە دەڤەرەكانی گەرمیان و سۆران و رانیە كەمی كردووە كە پێشتر ژمارەكان زۆر بەرز بوون، بەپێچەوانەوە ئێستە لەناو شارەكان زیادیان كردووە، ئەمەش بەشێكی پێوەندیدارە بە بوونی ئاوارەیەكی زۆر".


پێوەند بە یاسای بەرەنگاربوونەوەش، كوردۆ عومەر ئاماژەی بەوەدا، لە پێشتردا لەگەڵ دادوەران و مامۆستایانی ئایینی و كەسانی تایبەتمەند، تاوتوێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی كراوە و ئەو خاڵانەش دەستنیشان كران بۆ هەموواركردنەوەی یاساكە.

زیاتر گوتی "خاڵەكان كراونەتە پڕۆژەیەك و رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ كراون، چاوەڕوانین لە كابینەی نوێدا كەموكوڕییەكانی یاساكە چاك بكرێن".

 







وشە - فه‌رمان سادق