نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی دنیا لە بەرزبوونەوەدایە و ئەمڕۆ پێنجشەم گەیشتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی ٥٠ رۆژی رابردوودا.
نرخی ئێستەی زێڕ لە بازاڕەكانی دنیا بریتییە لە هەزار و ٢١٣ دۆلار و لەمڕۆ بیانییەوە سەرووی 15 دۆلار لە نرخەكەی هەڵكشاوە. بەو پێیە نرخی هەر مسقاڵێك زێڕی عەیار ٢٤ لە بازاڕەكانی كوردستان بەراورد بە بەیانییەكەی سەرووی سێ هەزار دینار هەڵكشاوە.
بەگوێرەی
dailyfx لەسەرەتای ئەمساڵەوە نرخی هەر ئۆنسێكی زێڕ لە بازاڕەكان سەرووی ٧٠ دۆلار هەڵكشاوە.
هەفتەیەك پێش كۆتاهاتنی ساڵی ٢٠١٦، نرخی زێڕ رووی لە هەڵكشان كرد و تا ئێستە بەردەوامە. سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ نرخی هەر ئۆنسێك زیڕ تا نزیكەی هەزار و ٤٠ دۆلار دابەزی، بەڵام دواتر رووی لە بەرزبوونەوە كرد و لە مانگی تەمووزدا گەیشتە بەرزترین ئاست. هەر ئۆنسێكی زێڕ بریتییە لە ٣١.١ گرام و هەر مسقاڵێك زێڕیش ٤.٦٠٨ گرامە.
بەرزترین نرخی زێڕ لەو كاتەوە زێڕ چووەتە نێو بۆڕسەی جیهانی، بۆ شەشی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١١ دەگەڕێتەوە كە نرخی هەر ئۆنسێكی زێڕ بۆ هەزار و ٩٢٠ دۆلار بەرز بووەوە. نزمترین نرخی زێڕ بۆ ٢٥ی ئابی ساڵی ١٩٩٩ دەگەڕێتەوە كە هەر ئۆنسێكی زێڕ بە ٢٥٢ دۆلار دەفرۆشرا.
ئەو كاتەی نرخی زێڕ لە نزمترین ئاستیدا بوو، هەر مسقاڵێك لە زیڕی عەیار ٢٤ نرخەكەی سەرووی ٥٠ هەزار دینار بوو، كەچی ئێستە نرخەكەی سەرووی ٢٥٠ هەزار دینارە، بەو پێیە پێنج هێندە لە نرخی زێڕ بەرز بووەتەوە.