ئاژەڵی مردارەوەبوو فڕێدراوەتە ناو سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە

:: PM:04:00:15/07/2019 ‌

ماوەی دوو رۆژە کۆمەڵێک ئاژەڵی مردارەوەبوو فڕێدراوەتە رووباری سیروانەوە لە نزیک كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، رێكخراوێكی ژینگەییش لەبارەی مەترسییەكانی پیسكردنی روباری سیروانەوە هۆشداری دەدات و فەرمانگەی ژینگەش ئاگاداری رووداوەکەیە.

ئەمڕۆ دووشەم 15ی تەمووز، ئیبراهیم زەریف سەرۆكی رێكخراوی ژینگەپارێزی گەرمیان بە "وشە" ی راگەیاند، جێگەی داخە دیاردەی فڕێدانی ئاژەڵی مردارەوەبوو لە رووباری سیروان خەریکە ببێت بە دیاردە و ئەوەیش هۆكارێكە بۆ پیسكردنی ژینگە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، داوا لە لایەنە پێوەندیدارەكانی وەک قایمقام و بەرێوەبەری شارەدێكان دەكەین رێگە بگرن لەو دیاردە نابەجێ و ناپەسندە كە مەترسی تەندروستی بۆسەر ژیانی هاووڵاتییان هەیە.

چالاك نەجم لە راگەیاندنی ژینگەی گەرمیان بۆ "وشە" ئاماژەی دا، بەداخەوە دیاردەی فڕێدانی ئاژەڵی مردارەوەبوو لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کە هەندێک جار دانیشتووانی گوندەکان ئەو کارە دەکەن، بوە بە دیاردە، هاوكات نزیكەی مانگێک پێش ئێستاش سەدان مریشكی مردارەوەبوو لەسەر رۆخی رووبارەكەفڕێدرا، دواتر دوو خاوەن كیڵگەی پەلەوەر بەو هۆیەوە درانە دادگا.

"ئێمە لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان لەسەر هێڵین بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە و ئاشكراكردنی ئەوكەسانەی ئەم كارە مەترسیدارەیان کردووە، چونكە ئاوی ئەو رووبارە یەكێكە لە سەرچاوەكانی ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتییان" چلاک نەجم وای گوت.

دووپاتی دەکاتەوە، ئەو دیاردەیە سەرباری پیسكردنی رووبارەكە وەك شوێنێكی گەشتیاری، لەڕووی تەندروستیشەوە مەترسیدارە و هۆكارێكە بۆ بڵاوكردنەوەی کۆمەڵێک ڤایرۆسی کوشندە، سەرباری بۆنە ناخۆشەکەی.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان