ئەمڕۆ رێنمایی بۆ دەرماڵەی هاندانی مامۆستایان دەردەچێت

:: PM:01:24:12/01/2017 ‌

سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان راگەیەنراوێك بڵاودەكاتەوە دەڵێ‌، یەكێتی مامۆستایانی كوردستان داوا دەكات مووچەی مامۆستایان مانگانە لەكاتی خۆیدا دابەش بكرێت و ئەو پاشەكەوتەیشی لەمووچەكاندا كراوە بخرێتە سەر حسابێكی بانكی تایبەت بۆ مامۆستایان.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان كە ئەمڕۆ پێنجشەم بۆ "وشە" نێردراوە دڵنیایی داوەتە مامۆستایانی هەرێمی كوردستان كە ئەمڕۆ 12ی مانگ رێنمای تایبەت بۆ پێدانی دەرماڵەی هاندان بۆ مامۆستایان كە بڕەكەی 100 هەزار بۆ مامۆستایانی ناوشار و 150 هەزار بۆ مامۆستایانی دەرەوەی شارە دەردەچێت.

لەبەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، یەكێتی مامۆستایانی كوردستان داوا دەكات مووچەی مامۆستایان مانگانە لەكاتی خۆیدا دابەش بكرێت و ئەو پاشەكەوتەیشی لە مووچەكاندا كراوە بخرێتە سەر حسابێكی بانكی تایبەت بۆ مامۆستایان.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە داهاتوودا قۆناغ بە قۆناغ پێداچوونەوە بەمووچەی مامۆستایاندا دەكرێت، ئەوەش لەئەنجامی ئەو هەوڵانەیە كە یەكێتی مامۆستایان هەوڵی بۆ داوە.

لەبارەی دواكەوتنی پڕۆسەی خوێندن لە پارێزگای سلێمانی یەكێتی مامۆستایان ڕای گەیاندووە، كە خشتەیەكیان بۆ ساڵنامەی خوێندنی ئەمساڵ ئامادەكردووە بەتایبەت بۆ ئەوشوێنانەی كە پرۆسەی خوێندن تێیدا دواكەوتووە و دواتر پێشكەشی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دەكەن.

ئەو ڕاگەیەنراوەی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە پەراوێزی كۆبوونەوەیەكدا هاتووەكە سكرتاریەتییەكە دوێنێ‌ چوارشەم 11-1-2017 ئەنجامیداوە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم