لە دهۆك شوێنەواری شارێكی چوار هەزار ساڵە دۆزرایەوە

:: PM:09:16:15/07/2019 ‌
لە سنووری پارێزگای دهۆك شوێنەواری شارێكی مێژوویی دۆزرایەوە كە بۆ سێ هەزار و 800 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. تیمێكی كوردی- ئەڵمانی ئێستە لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكەن و دەگوترێ، بۆ سەردەمی میتانییەكان دەگەڕێتەوە كە لە ساڵانی 1400 تا 1800ی پێش زایین ئەم شارەیان بەدەستەوە بووە، بەڵام لە دوای هاتنی ئاشوورییەكان شارەكە سووتێنراوە و لەناو چووە.

دكتۆر حەسەن ئەحمەد بەڕێوەبەری شوێنەواری پارێزگای دهۆك، بۆ ”وشە" ئاشكرای كرد كە شارەكە ناوی "زاخیكۆ"یە و كەوتووەتە گوندی كەمۆنە لەسەر لێواری رۆژهەڵاتی رووباری دیجلە لە شارەدێی خانكێی سەر بە شارۆكەی سێمێل لە پارێزگای دهۆك. مێژووی شارەكە سەرووی سێ هەزار و 800 ساڵە و بۆ سەردەمی دەوڵەتی میتانی دەگەڕێتەوە.

ئەحمەد ئەوەیشی خستەڕوو، لە پشكنینەكاندا تیمەكە 100 نووسینی بزمارییان دۆزیوەتەوە كە هی سەردەمی میتانین، هەر لە رێی ئەم تابلێتانەوە زانیویانە دوای ئەوەی ئاشوورییەكان ئەم ناوچەیە كونترۆڵ دەكەن، شاری زاخیكۆ دەسووتێنن، شارەكە دواتر بزر بووە و ژێرخۆڵ كەوتووە و بووەتە بەشێك لە بەنداوی مووسڵ.

بەڕێوەبەری شوێنەواری پارێزگای دهۆك ئەوەشی ئاشكرا كرد، لە ساڵی 2010 گومانیان لەوە هەبوو شتێكی شوێنەواریی كۆن لە ناوچەیەدا هەیە، كاتێكیش ئاستی ئاوی بەنداوی مووسڵ كەمێك دابەزی، چونكە ئەوكاتە توانای ئابوورییان باش نەبوو كە زیاتر لێكۆڵینەوەی لەسەر بكەن، ساڵی 2018 لە وەرزی پایز جارێكی تر بینییان ئەو شوێنەوارە دەركەوتووەتەوە، بۆ ئەم مەبەستە شاندێكیان پێك هێنا لە رێكخراوی شوێنەواری كوردستان لەگەڵ زانكۆی توپنگینی ئەڵمانی، بە هاوكاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری دهۆك، بەڵام ئەو زانایانەی لەسەر شوێنەوارەكە ئیش دەكەن، لە كورد و ئەڵمانی پێك دێن.

بۆ پاراستنی ئەو پارچە تابلێتانەی لە شارە مێژووییەكە دۆزراونەتەوە، ئەو بەڕێوەبەرە پێداگری لەوە كرد كە پارێزگاری باشی ئەو پارچانە دەكەن بۆ زیاتر لێكوڵینەوە لە شارە شوێنەوارییەكە و بەدیارخستنی زانیاریی زۆرتری شاراوە لەبارەیەوە. 

بەگوتەی ئەو "ئەو تابلێتانە دوای پاككردنەوە لە مۆزەخانەی دهۆك دانراون بۆ ئەوەی جارێكی تر كە هاوكارانكان لە ئەڵمانیا بێنەوە، دووبارە كاری لەسەر بكەن، بەڵام بەهۆی زۆری ئاو و گەورەیی شارەكە، كاركردن لەسەری بەردەوام دەبێت و لەو باوەڕەدام چەندان ساڵ بخایەنێـت، بۆیە لە پڕۆژەدایە وەرزێكی تر جارێكی دەست بە لێكۆڵێنەوە بكەینەوە".

"بۆ ئەوەی زیاتر و ئاسانتر كار لەسەر پڕۆژەكە بكەین، دەبێ ئاوی بەنداو بەربدرێتەوە، ئەمەش نابێت, بەڵام چارەی ئێستە كە لە بەردەستماندایە، ئەوەیە لە هەموو وەرزەكانی پایز كاری لەسەر بكەین، چونكە لە هەموو وەرزەكانی بەهار بن ئاو دەكەوێت و جارێكی تر لە وەزری پایز دەردەكەوێتەوە، هەر جارێكیش ئێمە كاری لەسەر دەكەین دوای تەواوبوونی، خوڵەكە دەخەینەوە سەری پێش ئەوەی ژێر ئاو بكەوێت بۆ ئەوەی پارێزگاری لە شوێنەوارەكە بكەین و لەناو نەچێت.

دۆزینەوەی شوێنەواری شارێكی مێژوویی بەم جۆرە بەلای مێژوونووسانەوە گرنگە, چونكە ئەم شارە واتای بوونی شارستانیی لە ناوچەكە و كوردستان دەردەخات و دەیسەلمێنێت كە كوردستان لە كۆنەوە جێی ژیان بووە و شارستانییەت تێیدا سەریهەڵداوە، بەڵام بەهۆی زۆر هۆكار لەوانە سروشتی و سیاسی و جیۆگرافی، بەشێكی زۆری ئەو شوێنەوارانە لە ژێر خاك و خۆڵدا ماون.

دهۆك/ دێژین سدقی



















وشە - تایبه‌ت