بەشێكی تری شەقامی 100 مەتری دادەخرێت

:: AM:10:16:16/07/2019 ‌
بەمەبەستی نۆژەن كردنەوەی بەشێكی تری شەقامی 100 مەتری دادەخرێت و بەرپرسێكی شارەوانیش ئاشكرای دەكات هەموو هەوڵێك دەدەن تا بە خێرایی كارەكان تەواو بكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 16ـی تەمووز، بۆتان خۆشناو بەڕێوەبەری شارەوانی چواری هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بە مەبەستی دووبارە قیرتاوكردنی شەقامی 100 مەتری ئەمڕۆ لە سەعات یەكی پاش نیوەڕۆ بەشێكی تری شەقامی 100 مەتری دادەخرێت.

بەڕێوەبەری شارەوانی هەولێر گوتی، ئەو بەشەی دادەخرێت لە مزگەوتی خەدیجە كوبرا  تا ترافیكی بەنزینخانەی ئاكار دەبێت و نۆژەن دەكرێتەوە.

ڕۆژی 24ـی حوزەیران بەشێكی تری شەقامی 100 مەتری هەولێر نۆژەنكرایەوە لە نێوان نەخۆشخانەی ڕزگاری تا مزگەوتی خەدیجە كوبرا داخرا و ڕۆژی یەکشەمی ڕابردوو كرایەوە.

نۆژەنكردنەوەی شەقامی 100 مەتری هەولێر بە سێ‌ قۆناغ بوو ئێستە قۆناغی كۆتاییە و لەسەر داهاتی %30 شارەوانییەكان ئەنجام دەدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش شارەوانییەكانی هەولێر هەریەكەی بەپێی داهاتی خۆی لە ماوەیەكی دیاریكراو ئەو شەقامە نۆژەن دەكەنەوە.





وشە - رامیار جەواد