یەك ملیۆن شیعە دژی عادل عەبدولمەهدی دەچنە سەر جادە

:: AM:10:49:16/07/2019 ‌

ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی كە عەمار حەكیم سەرۆكایەتی دەكات، بەڵێنی خۆپیشاندانێكی فراوانی داوە و دەیەوێ لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە بچێت و لەژێر ناونیشانی یەك ملیۆن ناڕەزایی، دژی حكوومەت دەوەستنەوە.

بەپێی ئەو دروشم و بەیاننامانەی ڕەوتی حیكمە بڵاوی كردووەتەوە، بڕیارە ڕۆژی هەینیی داهاتوو "19ی تەمووز" لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق، خۆپیشاندان دژی حكوومەتی عێراق بكەن، چونكە پێیان وایە، ئەو بەڵێنانەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چارەسەری گرفتەكانی دابووی، تا ئێستە جێبەجێ نەكراون. هەڕەشەی ئەوەشیان كردووە، ئەوان چاوەڕێ دەكەن خەڵكی لەو خۆپیشاندانە، توڕەییان هەڵبستێ و زیانیش بە دەزگە میرییەكان بگەیەنن.

"كاتێك دەگوترێ سەرجەم پارێزگاكانی عێراق، بە دڵنیایییەوە هەرێمی كوردستان ناگرێته‌وه‌".

لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی، پشتیوانیی "ئۆپۆزیسیۆنێكی سیاسیی دەستووریی نیشتمانی" كرد و خۆی لە هاوپەیمانیی "ئیسڵاح و ئیعمار" كشایەوە و هەموو پەرلەمانتارەكانی كە 120 ئەندامن بەتەنیا فڕاكسیۆنێكی پەرلەمانیان دروست كرد. ئەو هاوپەیمانییە، ئێستە تەنیا "سائیروون"ی موقتەدا سەدر و "نەسر"ی حەیدەر عەبادی ماوە.

لەوەتەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق چووەتە سەر ئەو پۆستە، كۆمەڵێک هەنگاوی بەڕووی چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان داوە و هەوڵی داوە بەشێك لەو بڕیارانەی عەبادی و مالیكی لە سەردەمی خۆیاندا دژی كورد داویانە، ئەم چاكی بكاتەوە.
دوێنێ دووشەم عادل عەبدولمەهدی لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا، پیرۆزبایی لە مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خواست و گوتی: "ئومێدەوارین هەرچی زووترە بە كردەوە دەست بە هەنگاونان بۆ چارەسەری هەموو كێشە هەڵواسراوەكان بكرێت و بەیەكەوە هاوكاربین بۆ ئەوەی تواناكانمان بخەینە ئاڕاستەیەك كە بە سوود و قازانجی هەرێمی كوردستان و عێراق بێت بەگشتی و خزمەتێكی شایستەی هاووڵاتیان بكرێت."

ئەم جۆرە گوتە و هەڵوێستانەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە تەواوی شیعەی بێزار كردووە، هەر جارە بە شێوەیەك دژایەتیی دەكەن، هەر بۆیە گومان دەكرێ، ئەم خۆپیشاندانەی بڕیارە شیعە دژی عادل عەبدولمەهدی بیكەن، هۆكارە شاراوەكەی ئەوە بێت، بۆچی ئەوەی چەند ساڵە لە دژی كورد بونیادیان ناوە، دەیەوێ تێكی بدات؟

ڕەوتی حیكمە، لە تەمووزی ساڵی 2017 دامەزراوە، دوای ئەوەی عەمار حەكیم بڕیاری دا لەگەڵ "ئەنجوومەنی باڵا ئیسلامیی" نەمێنێ كە محەمەد باقر حەكیمی مامی ساڵی 1982 لە ئێران دایمەزراند.

محەمەد حوسام حسێنی، ئەندامی نووسینگەی جێبەجێكاری ڕەوتی حیكمە گوتی، ڕێكخستنی خۆپیشاندانە یەك ملیۆنییەكەی ڕۆژی هەینی، 14 پارێزگای عێراق دەگرێتەوە و ئەندامەكانی خۆمان هەموویان بەشدار دەبن و ئەم خۆپیشاندانەش كۆتایی نییە، بەڵكوو سەرەتایەكە بۆ ئەو هەڵمەتەی دەمانەوێ لە دژی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بەرپای بكەین و هیوادارین ئەو داوایانەی لەناو خۆپیشاندانەكەدا بەرزی دەكەینەوە، جێبەجێ بكرێن، بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەكە بەرەو ئەقارێكی تردا نەڕوات، چونكە ئێمە هیچ گرەنتییەك نادەین دواتر هاووڵاتیان توڕەیییەكانیان بەرەو كوێ دەبەن.

ڕەوتی حیكمە، لە پارێزگا سوننییەكانی وەك سەڵاحەددین، ئەنبار و مووسڵ، لاوازە و هیچ كاریگەرییەكی نییە، بەڵام ئەو ئەندامەی ڕەوتەكە دەڵێ، ئێمە نامانەوێ لە هەموو شارەكان خۆپیشاندانەكە بە هەمان قەرەباڵغی بێت، تەنیا دەمانەوێ بوونی خۆمان بسەلمێنن و ئاسایییە لە هەندێك شاردا ڕێژەكە كەم بێت، ئێمە هەموو ئەوانەمان لێکداوەتەوە، ئینجا دەزانین دەتوانین یەك ملیۆن هاووڵاتی بهێنینە سەر شەقامەكان.

دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق، ڕكابەرییە گەورەكە لە نێوان عەبادی و مالیكی بوو، بەڵام بەهۆی كاریگەریی نێودەوڵەتییەوە، تواندرا "سائیرون" كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان بوون بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر ڕازی بكەن، عادل عەبدولمەهدی كاندید بێت بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمەش لەلایەن شیعەكانەوە هەر زوو دژایەتی كرا، بەڵام كورد و سوننە بەهۆی ئەو مێژووە ئەرێییەی هەیەتی، پێی ڕازی بوون، ئەمەش وای كرد پەستانە نێودەوڵەتییەكان بەسەر شیعەشدا زاڵ بێت و بە ناچاری ئەوانیش پێی ڕازی بوون، بەڵام بە گومان بوون لەوەی بتوانێ داواكانی "ئەوان" جێبەجێ بكات.

هەندێك لە چالاكانی مەدەنی كە خۆیان بڕیاری خۆپیشاندانیان دابوو، دژی ئەم خۆپیشاندانەی "ڕەوتی حیكمە" دەوەستنەوە و دەڵێن، ئەوان دەیانەوێ پلانەكەی ئێمە بدزن و تووڕەییەكانی خەڵك بۆ جێبەجێنەبوونی داواكانیان بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان بقۆزنەوە.

بەها ئەعرەجی جێگری پێشووی سەرۆكی ئه‌نجوومه‌نی وەزیرانی عێراق گوتی، پشتیوانیكردنی حزبێك بۆ خۆپیشاندانی خەڵكی، یاسایی نییە و دژی بنەماكانی دیموكراتییە، چونكە ئەو لایەنانەی ئەندام پەرلەمانیان هەیە، دەتوانن هەر لە ڕێی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە داواكانیان بەرز بكەنەوە و تەنانەت دەشتوانن ئەگەر داواكەیان دەنگی هێنا، سەرۆكی حكوومەتیش لا ببەن، ئەوە ڕێگە ڕاستەكەی حزبەكانە نەوەك ڕژانە سەر شەقام.



وشە - كوردۆ شابان