د. جەمال كەمال: چەند مامۆستایەك بە بڕوانامەی ساختە لە زانكۆكانی كوردستاندا وانە دەڵێنەوە

:: PM:01:42:12/01/2017 ‌

دوای دوو ساڵ لە وانە گوتنەوە، دەردەكەوێت چەند مامۆستای زانكۆیەكی ئەهلی بڕوانامەكەیان ساختەیە. ئەوان كە بەپێی ڕێكارەكان بە فلتەرەكانی زانكۆكەدا ڕەت بوون، تەنانەت یەكیان بەرپرسی دڵنیایی جۆری زانكۆكە بووە و بە بڕوانامە ساختەكەی، دڵنیایی لە دروستی بڕوانامە و هەڵسەنگاندنی بۆ وانەگوتنەوەی مامۆستاكانی تر كردووە. لەگەڵ ئاشكرابوونیان، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری دەركردنیان دەردەكات و جارێكی تر لێكۆڵینەوە بە دروستی بڕوانامەی هەموو مامۆستاكانی زانكۆكاندا دەكاتەوە كە چاوەڕوان دەكرێت هی تریش هەبن.

هەر مامۆستایەك بۆ ئەوەی لە زانكۆ وانە بڵێتەوە، دەبێت چەندان فلتەر ببڕێت. جگە لە چاوپێكەوتنی زانكۆی داخواز، زانكۆكە لە بەشی دڵنیایی جۆری خۆی، چێك بۆ بڕوانەمەی مامۆستاكە دەكات و دوای هەڵسەنگاندنی لە وانە گوتنەوەی، پشتگیری بۆ وەزارەت بەرز دەكاتەوە تا ناسناوی زانستی پێ بدرێت. وەزارەتی خوێندنی باڵاش، هەر بەوە واز ناهێنێت و خۆشی بەدواداچوون بۆ بڕوانامەكان دەكاتەوە. كەچی سەرباری ئەوە، دوای لێكۆڵینەوەیەكی تازەی وەزارەت، دەركەوتووە مامۆستا هەن بە بڕوانامەی ساختە لە زانكۆكان وانە دەڵێنەوە
بە پێی نووسراوی ١٨٣٨٥ ی خوێندنی باڵا لە ٥/١٢/٢٠١٦، بابەت توانستی زمان/نێردراو بۆ زانكۆی لبنانی فڕەنسی، ناوی سێ مامۆستا هاتووە كە زیاتر لە دوو ساڵە لەو زانكۆیە وانە دەڵێنەوە و ناوەكانیان لای "وشە" پارێزراوە، بەهۆی بڕوانامەی ساختەی "ئایڵتس"ی زمانی ئینگلیزیان، بڕیاری دەركردنیان دراوە.

هەر وانە گوتنەوە نا، بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، تەنانەت یەكێك لەوان بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری زانكۆكە بووە كە ئەو بەرپرس بووە لە دڵنیایی ڕاستی و دروستی بڕوانامەی مامۆستاكان و هەڵسەنگاندنی بۆ وانەگوتنەوەكانیان كردووە. لە كاتێكدا بە پێی نووسراوەكەی وەزارەت، خۆی بڕوانامەكەی ساختە بووە.

ئەوانە پێش دەست بەكاربوونیان، بە فلتەری زانكۆكەدا ڕەت بوون و "وشە" سەردانی زانكۆی لبنانی فڕەنسی كرد لە هەولێر، بۆ ئەوەی ڕوونی بكاتەوە ئاخۆ چۆن ئەو بڕوانامە ساختانەیان بەسەردا تێپەڕیوە و دوو ساڵ ئەو مامۆستایانە بە بڕوانامەی ساختە دەوامیان كردووە، بەڵام یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆكه نەك هەر ئامادە نەبوو لێدوان لەسەر ئەو بابەتە بدات، بەڵكو زۆریش موكڕ بوو لەسەر ئەوەی كە نابێت بە هیچ شێوەیەك ناوی بهێنرێت و لەگەڵ قسەكانیشیدا ئەو دكتۆرەی زانكۆ، پەنجەی شەهادەی بە ئاماژەی هەڕەشە، بەرامبەر بە پەیامنێرەكەی "وشە" ڕادەوەشاند كە ڕوون نەبووەوە ئەو هەموو خۆپارێزیی و ترسە بۆ؟.

بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوە ناشارێتەوە و پەردە لەسەر ڕووخساری ساختەكاران لا دەدات. دكتۆر جەمال كەمال حوسێن بەڕێوەبەری خوێندنی تایبەت لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕای دەگەیەنێ، داوامان لە هەموو زانكۆ ئەهلییەكان كردووە ڕاستاندن بۆ بڕوانامەی مامۆستاكانیان بكەن، كە زانكۆكان بەشی دڵنیایی جۆریان هەیە. ئەو دەڵێ، "لە بەدواداچوونمان بۆ زانكۆی ئەهلی لبنانی فڕەنسی، سێ ئایڵتسی ساختەمان گرت". ئەو ئاشكرای دەكات، كە ئەوە یەكەم جارە لە كوردستان ڕووداوی لەو شێوەیە ڕوو دەدات و لە بەدواداچوونیشیان بۆ هەموو زانكۆكان بەردەوام دەبن.

د. جەمال كەمال ئاماژە بە رێوشوێنیان دەدات بەرامبەر بەو سێ مامۆستایە كە دەركراون و نازناوی زانستییان لێ وەرگرتوونەتەوە و دۆسیەكانیان ئامادە كردووە ڕادەستی دادگایان بكەن.

بە پێی زانیارییەكانی "وشە"، ئەوە هەر ئەو سێ مامۆستایەی زانكۆی لبنانی فڕەنسی نین كە بە بڕوانامەی ساختەوە وانە دەڵێنەوە، بەڵكو هی تریش هەن و وەزارەتی خوێندنی باڵا بە وردی كاریان لەسەر دەكات و هێشتا لێكۆڵینەوەكانی تەواو نەبوونە.

 د. جەمال كەمال حوسێن كە یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانانە، پێی وایە لە داهاتوو كەسانی تریشیان بۆ ئاشكرا ببێت. ئەو دەڵێ "داوامان لە بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا كردووە كە لەوبارەوە بەدواداچوون بۆ زانكۆكانی حكوومیش بكەن". 

"وشه"‌ زانیویەتی ئەو بڕوانامە ساختانە لە بەغدا و میسر دروست دەكرێن. پەنا بردنەبەر ساختەكردنی بڕوانامەی "ئایڵتس و تۆفڵ و هاوشێوەكانی"، دوای ڕیفۆڕمی خوێندنی باڵا بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی لە هەرێمی كوردستان دێت، كە لە  ١/٩/٢٠١٥ەوە ڕێنوێنی پێدانی ناسناوی زانستی دەركردووە و دەبێت مامۆستایانی زانكۆ توانستی زمانێكی جیهانی هەبێت. بەپێی ڕێنوێنییەكە لە تاقیكردنەوەی ئایڵتس تایبەت بە زمانی ئینگلیزی پێنج نمرە لە كۆی نۆ نمرە دانراوە، ئەوە لەكاتێكدایە لە وڵاتانی پێشكەوتوو ئەو نمرەیە لە سەرووی شەشە.

زانینی زمانێكی جیهانی و لەنێویشیان زمانی ئینگلیزی، بووەتە بەڵایەك بۆ گیانی چەندان مامۆستای زانكۆ كە بە هۆیەوە پەنایان بۆ ساختە بردووە و جگە لەوانیش كاندیدانی خوێندنی باڵا (ماستەر و دكتۆرا)شی بە لەرز هێناوە كه لە‌ ٨/١ی ئەمساڵ، كاندیدانی وەرگیراوی ماستەر و دكتۆرا بە مەبەستی ناڕازیبوون، لە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا گردبوونەوە و یاداشتێكی چوار خاڵییان بە وەزارەت دا كە لە خاڵی دووەمی یاداشتەكە داوای كردنەوەی كۆرسی زمانی ئینگلیزی دەكەن لە سەنتەری زانكۆكان و له ‌ئەگەری ڕازی نەبوون بەو خاڵە، لە خاڵی سێیەمی یاداشتەكەیان، داوا دەكەن نمرەی ئاستی توانستی ئینگلیزی "ئایڵتس" كەم بكرێتەوە. 

شاخەوان محەمەد ساڵح یەكێك لە سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەكەی كاندیدانی وەرگیراو لە ماستەر و دكتۆرای زانكۆكانی كوردستان، نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر بڕوانامەی ئایڵتسی زمانی ئینگلیزی پیشان دەدات و پێی وایە، ئەو بڕوانامەیە زیاتر لایەنی تەكنیكییە نەك بەرزكردنەوەی ئاستی زمانی ئینگلیزی. ئەو دەڵێ، "ئەگەر مەبەستیان بەرزكردنەوەی ئاستی زمانە، با خولی تایبەتمان بۆ بكەنە‌وە". بەڵام وەرگیراوان هەوڵەكەیان بەرهەمی نەبوو، كە لە بەرامبەردا وەزارەتی خوێندنی باڵا دووپاتی لە جێبەجێكردنی تەواوی ڕێنوێنییەكانی وەك خۆی كردەوە.

ئێستە لەگەڵ ئاشكرابوونی بڕوانامەی ساختەی چەند مامۆستایەكی زانكۆ، وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستی بە لێكۆڵینەوەی دروستی و ڕاستی بڕوانامەی مامۆستاكانی كردووە و دوای ڕوونبوونەوەی لێڵی، چاوەڕێ دەكرێت ماسك لەسەر ڕووی چەندانی تریش هەڵدرێتەوە.

وشە/ هەولێر - چواس خالید


وشە - تایبه‌ت