بەندەرێكی گواستنەوەی نەوت لە بەسرە گڕی گرت

:: AM:11:56:16/07/2019 ‌
بەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە رێڕەوی گواستنەوە و گەیاندنی نەوت لە بەندەری بەسرە بەربوو، بەهۆیەوەش هەناردەكردنی نەوت وەستاوە. سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی بەسرە دەڵێ، ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ كراوە و زیانی مرۆیی نەبووە، بەڵام هەناردەی نەوت وەستاوە.

ئەمڕۆ سێشەم 16ی تەمووز، بەرپرسانی عێراقی بە "رۆیتەرز"یان راگەیاندووە، رێڕەوی گەیاندن و گواستنەوەی نەوت لە بەندەری بەسرە بەیانی ئەمڕۆ ئاگری تێبەربووە، ئەوەشیان خستەڕوو دەستبەجێ ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ كراوە، بەڵام بەهۆیەوە گواستنەوەی نەوت وەستاوە.

بەرپرسەكەی كۆمپانیای نەوتی بەسرە گوتی "ئاگرەكە لە بەشی نیشتەجێبوونی رێڕەوەكە سەری هەڵداوە كە كارمەندان و كرێكاران تێیدا پشوو دەدەن، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، هاوكات زیانی نەبووە بۆ ژێرخانی گواستنەوەی نەوتی لە بەندەرەكە".

سەرچاوەیەكی تر بۆ "سۆمەریە نیوز" دەڵێ، زیاتر لە 100 فەرمانبەر بەندەرەكەیان چۆڵ كردووە، تا ئێستەش هەناردەی نەوت بۆ بازاڕەكانی جیهان وەستاوە، ئەگەرچی ئاگرەكەش كۆنتڕۆڵ كراوە.
سەرچاوەكە گوتی "ئێستە ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ كراوە، تیمەكان سەرقاڵی پاك كردنەوەی پاشماوەی ئاگرەكە و نۆژەن كردنەوە و چاك كردنەوەی شوێنەكەن بۆ دووبارە دەستكردنەوە بە هەناردەكردنی نەوت".

جێی باسە بەندەری بەسرە یەكێكە لە بەندەرە سەرەكییەكانی گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەكانی جیهان، كە رۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەكانی جیهانی دەكات.



وشە - فه‌رمان سادق