بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ئەمشەو مانگگیران ڕوودەدات و لە هەرێمی كوردستان ئەو رووداوە سروشتییە دەبیندرێت.
ئەمڕۆ سێشەم 16ی تەمووز، ئەژی چەتۆ گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمشەو مانگگیران لە هەرێمی كوردستان روودەدات و مانگ دەچێتە ناوچەی نیمچە سێبەر.
گوتەبێژی كەشناسی گوتی، مانگگیرانەكە لە سەعات نۆ و 43 خولەک دەبێت و مانگ دەچێتە ناوچەی نیمچە سێبەر و دواتر لە سەعات 11ی شەو مانگ دەچێتە سێبەری تەواوی زەوی و 74% دەگیرێت.
ئاشكرای كرد، مانگگیرانەكە بەچاوی ئاسایی دوو سەعات مرۆڤ هەستی پێ دەكات، بەڵام دیاردەكە خۆی لە سەرەتاوە تا كۆتایی پێنج سەعات زیاتر دەخایەنێت.
مانگ گیران دیاردەیەكی سرووشتییە و كاتێك ڕوودەدات كە مانگ دەكەوێتە پشتەوەی زەوی و سێبەری زەوی دەكەوێتە سەری و ڕۆژ لە زەوی دەدات.