نەوت بەڕێژەی 4% دابەزی و بوو بە 66 دۆلار بۆ بەرمیلێك

:: PM:02:11:16/07/2019 ‌
سەرەڕای ئەو زریانەی باشووری ئەمەریكای گرتووەتەوە، ئەو وڵاتە  لە بەرهەمهێنانی نەوت لە كەنداوی مەكسیك بەردەوامە، هاوكات پێشبینی دەكرێت ئاستی بەرهەمی نەوتی بەردینی ئەمەریكی زیاد بكات، بەهۆیەوە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بۆ 66.44 دۆلار دابەزی.

ئەمڕۆ سێشەم 16ی تەمووز، دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهانی بەردەوامی هەبوو، تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ 66 دۆلار و 44 سەنت دابەزیوە، ئەو نرخەش بە بەراورد بە نرخی پێشتر بە رێژەی 4% دابەزیوە.

شارەزایانی بازاڕی بۆرسەی نەوتی جیهانی، دابەزینی نرخ بۆ بەردەوامی ئەمەریكا دەگەڕێننەوە لە بەرهەمهێنانی نەوت لە باشووری وڵات لەسەر دەریای مەكسیك، ئەگەرچی ئەو ناوچەیە رووبەڕووی زریانی باری بووەتەوە كە زریانێكی ساڵانەیە و باشووری ئەمەریكا دەگرێتەوە.
هاوكات شارازایان پێشبینی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمی نەوتی كێڵگە بەردینییەكانی ئەمەریكا دەكەن، ئەمەش بە هۆكارێكی تری دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكان جیهان دادەنێن.

تا  سەعات 11ی بەیانی ئەمڕۆ، نرخی بەرمیلێك نەوت لە بۆرسەی برێنتی جیهانی، 66 دۆلار و 44 سەنت بوو بۆ هەر بەرمیلێك نەوت، هاوكات نرخی بۆرسەی رۆژئاوای تكساسیش 59 دۆلار و 45 سەنت بوو، بە بەراورد بە نرخی پێشتری، هەر بەرمیل نەوتێك 13 سەنت نرخەكەی دابەزیوە.
 
بەرپرسانی سێكتەری نەوتی ئەمەریكا، دوێنێ دووشەم بڕیاری بەردەوامیان بە بەرهەمهێنانی نەوت دا لە كەنداوی مەكسیك كە بەهۆی زریانی باری نزیكەی 75%ی بەرهەم كەمی كردبوو، تا ئەمڕۆش كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە كەنداوی مەكسیك بەردەوامی هەیە كە نزیكەی ملیۆنێك و 300 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە.

ئاماژەكانی بازاڕی نەوت بۆ ئەوە دەچن كە ئاستی بەرهەمی كێڵگە بەردینییەكانی ئەمەریكا زیاد بكات، ئەمەش گەورەترین گوشاری لەسەر بازاڕی نەوت دروستكردووە، بەتایبەت عەرەبستانی سعوودیە و رووسیا وەك دوو گەورەترین بەرهەمهێنی نەوت لە جیهاندا، لە ئێستەشدا ئەمەریكا رۆژانە نزیكەی 12 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.


وشە - فه‌رمان سادق