نەتەوەیەكگرتووەكان: مردن بەهۆی ئایدز بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە

:: PM:02:14:16/07/2019 ‌
نەتەوەیەكگرتووەكان، نوێترین ئاماری لەسەر تووشبووان بە نەخۆشی ئایدز بڵاوكردەوە، ئاشكرای كرد لە ماوەی 2010 تا ئێستە رێژەی ئەوانەی بە نەخۆشی ئایدز گیانیان لە دەستداوە، بە رێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە.

ئەمڕۆ سێشەم 16ی تەمووز، نەتەوەیەكگرتووەكان ئاماری تووشبووانی بە نەخۆشی ئایدز لە سەرتاسەری دنیا بڵاوكردەوە، بەگوێرەی ئامارەكەش بێت لە 2018 ژمارەی ئەوانەی هەڵگری ڤایرۆسی كەمی بەرگری جەستەن كە بە ئایدز ناسراوە، بەهۆیەوە گیانیان لە دەستداوە 770 هەزار كەسە.
بە بەراورد بە ئاماری 2017 كە ژمارەی قوربانیانی ئایدز، 800 هەزار كەس بووە و رێژەكەش كەمی كردووە، ئەمەش لە كاتێكدایە لە 2004، ملیۆنێك و 700 هەزار كەس بەهۆی ئایدز گیانیان لە دەستدا بوو.

نەتەوەیەكگرتووەكان دەڵێ، لە ماوەی 2010 تا 2018، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی ڤایرۆسی ئایدز لە دنیادا گیانیان لە دەستداوە، بۆ یەك لەسەر سێ كەمی كردووە، تەنانەت ژمارەی ئەوانەی چارەسەری دژە ئایدز وەردەگرن زیادی كردووە و لە هەر پێنج كەسێك، سێیان چارەسەر وەردەگرن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ كە 23 ملیۆن و 300 هەزار تووشبوو بە ڤایرۆسی ئایدز لە كۆی 37 ملیۆن و 900 هەزار تووشبوو لەسەرتاسەری دنیا، چارەسەر وەردەگرن، ئەمەش گەورەترین رێژەیە كە نەتەوەیەكگرتووەكان تا ئێستە ئاشكرای كردبێت كە تووشبووان بە دروستی چارەسەر وەربگرن. 

لە راپۆرتەكەیدا نەتەوەیەكگرتووەكان ئاماژەی بەوەداوە، پێشوەچوونی گەورە لە گەیشتنی چارەسەر بە تووشبووان لە باشوور و رۆژهەڵاتی ئەفریقیا تۆمار كراوە كە ئەو ناوچەیە نیوەی تووشبووانی ئایدزی لە دنیا لێیە، بەڵام هەر لە راپۆرتەكەی نەتەوەیەكگرتووەكان، نیگەرانی بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوو بە ئایدز لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا و ناوەڕاستی ئاسیا ئاماژەی پێدراوە كە لە ساڵی 2010 تا 2018 بە رێژەی 29% زیادی كردووە.
 
نەتەوەیەكگرتووەكان لە 2018 بڕی 19 ملیار دۆلاری تەرخان كردبوو لە چوارچێوەی بەرنامەی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ئایدز بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتانەی ئایدز تێیاندا زۆر بڵاوە، ئەو بڕە پارەیەش بە بەراود بە 2017 بە بڕی ملیارێك دۆلار كەمی كردووە، هاوكات لە راپۆرتەكەدا پێشنیار كراوە بۆ 2020 بڕی 20 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بۆ بەرنامەی بەرەنگابوونەوەی ئایدز تەرخان بكرێت.


وشە - فه‌رمان سادق