پەرلەمانتارێکی عێراق: دوای گەڕانەوەی شاندی کوردستان ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکان دەچێتە قۆناغی کرداری

:: PM:03:04:16/07/2019 ‌

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی چوونی وەفدێکی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرەتای ئاسایی بوونەوەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەزانێت و پێی وایە بەغداش نیازی ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ هەررێم هەیە.

ئه‌مڕۆ سێشه‌م‌ 16ی ته‌مووز، جه‌مال شكور ئه‌ندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ "وشه"‌ی راگه‌یاند، چونی وه‌فدی باڵای حکوومەت بۆ به‌غدا سه‌ره‌تایه‌كی زۆر باشه‌ ، ئه‌و كێشانه‌ی هه‌یه‌ پێوه‌سته‌ به‌ دارایی و نه‌وت و پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی ناوخۆ، وه‌فده‌كه‌ش له‌و وه‌زیرانه‌ پێكهاتووه‌.

زیاتر روونی دەکاتەوە، هه‌ردوولا مه‌به‌ستیانه‌ كێشه‌كانی نێوانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و هه‌نگاوه‌كه‌ی حکوومەتی هه‌رێمیش كارێكی زۆر باشه‌، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌بێت كێشه‌كان پۆلێن بكرێت و دواتر لیژنه‌ی بۆ دابنرێت بۆ چاره‌سه‌ركردن.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران دووپاتی دەکاتەوە، گه‌شبینین به‌و هه‌نگاوه‌ی حکوومەتی هه‌رێم، زۆر گرنگه‌ پرسی نه‌وت یه‌كلا بكرێته‌وه‌ بۆ ساڵی داهاتوو و بودجه‌ی 2020 چونكه‌ له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نگی ناره‌زایی به‌رز بووه‌ته‌وه‌ و له‌ شه‌قامی عێراقیش ناره‌زایه‌تی هه‌یه‌ كه‌ مووچه‌ ده‌درێته‌ هه‌رێم، به‌ڵام هه‌رێم نه‌وت ناداته‌ به‌غداد، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م گرفته‌ چاره‌سه‌ر نه‌بێت كێشه‌ بۆ مووچه‌ی هه‌رێم دروست ده‌بێت بۆ ساڵی داهاتوو.

بەیانی ئەمڕۆ وەفدێکی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق کۆبوونەوە و ئێستەیش لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەدان.

دوێنی لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران بڕیاریدا بۆ پێشاندانی نیازپاكی كوردستان بۆ چارەسەری كێشەكان سەردانی بەغدا بكات.

مەسروور بارزانی سەرۆكایەتی شاندەكە دەكات و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت و فرسەت ئەحمەد وەزیری داد و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەندامی شاندەكەن.

بڕیارە شاندەكەی كوردستان لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆ ببێتەوە.

گرنگترین ئەو كێشانەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەن بریتین لە:

1.پرسی هەناردە و بەڕێوەبردنی كەرتی نەوت و گرێبەستە نەوتییەكان و دەركردنی یاسای نەوت و گاز.

2.پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

3.كێشەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان و جێبەجێكردنی مادەی 140

.

4.بودجە و چەك بۆ پێشمەرگە وەك بەشێك لە سیستمی بەرگری عێراق.

5.دروستكردنی ئەنجوومەنی فیدراڵی.

6.پشكی كورد لە سوپا و دامەزراوەكانی عێراق، ڕاگرتنی رێککەوتن و هاوسەنگی لە دامودەزگاكانی دەوڵەت.

سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی



وشە - هیدایه‌ت جان