ئایا پێنج هەزارییە كونكراوەكان مامەڵەی پێوە دەكرێ؟

:: PM:02:00:12/01/2017 ‌

بەڕێوبەری ئاسایشی ھەولێر، لەبارەی ئەو پێنج هەزارە كونكراوانەی لە بازاڕی فرۆشتنی دراو ھەیە، نووسراویان ئاراستەی لقی هەولێری بانكی ناوەندی كردووە.

دوای ئەوەی ماڵپەڕی "وشە" ڕاپۆرتێكی لەسەر بڵاوبوونەوەی پێنج هەزارییەكی كونكراو بڵاو كردەوە كە لە مووسڵەوە دێنە هەرێمی كوردستان و لە بازاڕەكانی فرۆشتنی دراو خەرج دەكرێن، ئاسایشی ھەولێر ھەواڵەكە پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێت: ئێمەش نموونەی ئەو پارەیەمان لایە و دووپاتمان كردووەتەوە كە ئەو پارەیەی باسی لێوە دەكرێت كە كونە و لە بازاڕەكاندا مامەڵەی پێ دەكرێت ھەیە، بۆیە نووسراوێكمان ئاراستەی لقی ھەرێمی بانكی ناوەندی لە ھەولێر كردووە كە ئایا ئەو پارەیەی ھەیە، دەكرێت مامەڵەی پێوە بكرێت یاخود بە خەساربوو هەژمار دەكرێت.

د. تاریق نووری بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر، لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ "وشە" گوتی: ھەر كاتێك وەڵامی بانكی ناوەندیمان بەدەست گەیشت، ئەوكات ئەگەر باسیان لەوە كرد ناكرێت مامەڵەی پێوە بكرێت، قەدەغەی دەكەین و ئەگەر گوتیشیان ھیچ كێشە نییە ئەوكات ئاسایییە مامەڵەی پێوە بكرێت.

ئەم هەواڵە كە لە دەنگۆی زۆری دروست كرد، دوای ئەوە دێت كە دوێنێ چوارشەم، سەرچاوەیەك كە دووكانی هەیە لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاندبوو، ئەو پێنج هەزارییانە، چوار كونیان تێدایە و پینە كراون، بەڵام كونەكان ئەوەندە گەورەن بە ئاسانی دەناسرێنەوە، بە ڕێژەیەكی زۆر بڵاو بوونەتەوە و ئێستە گەورەترین كێشەی بۆرسە دۆزینەوەی ئەو پارانەیە، چونكە لەلایەن ئاسایشەوە قەدەغە كراون. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە یەك ملیار لەو پێنج هەزار دینارییانە، بە 250 ملیۆن دینار فرۆشراون، بەڵام بۆ ئەوەی پارە بكات، خراونەتە ناو سەفتەی ترەوە، ئەمەش ئەركی دووكانەكانی قورس كردووە، چونكە جاران بە كیلۆ پارەكان دەكێشران، ئێستە ناچارن یەك یەك بیانژمێرن و پشكنینیان بۆ بكەن.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" هەندێ دووكانی بازاڕی دۆلارەكە لە هەولێر و سلێمانی، ماوەی چەند ڕۆژێكە بە گشتی مامەڵەیان بە پێنج هەزاری ڕاگرتووە، تا خۆیان لە تێوەگلان لەو تۆمەتانە بپارێزن.

بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر، ئەوەشی خستە ڕوو: ئەگەر ئەوان بڵێن ناكرێت مامەڵەی پێوە بكرێت، لە ھەولێر بەیەك رۆژ ھەمووی كۆ دەكەینەوە و رێگە نادەین مامەڵەی پێوە بكرێت و ئەوەی ئەو كارەش دواتر بكات لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكەین.

بەڵام "كەمال عەبدولڕەحمان" كە خاوەنی نووسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراوە لە هەولێر، دوێنێ چوارشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەر لە داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لەلایەن ئەنجوومەنی دۆلار فرۆشان ئاگەدار كراینەوە كە هەموو مامەڵەیەك بە دراوی پێنج هەزاری عێراقی "چوار كون" قەدەغەیە و ئەنجوومەنی دراو گۆڕینەوە پێیان ڕاگەیاندووین كە ئەم بڕیارە لەلایەن بانكی هەرێمەوە بۆیان هاتووە و بەهیچ شێوەیەك مامەڵە بەم دراوە ناكرێت.

وەك سەرچاوەكانی "وشە" ئاماژەیان پێ كردووە، پێنج هەزارییەكان لە لقی مووسڵی بانكی ناوەندیی عێراق لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەرهێنراون، هەموویان یەكی چوار كونی گەورەیان تێدایە، بەسەر بازاڕی دۆلاری شارەكانی عێراقدا بڵاو بوونەتەوە، بازاڕی دۆلاری هەرێمی كوردستانیشی بەركەوتووە، بۆیە ئاسایش لە شارەكانی كوردستان داوا لە دووكانداران دەكات مامەڵەی پێوە نەكەن و زانیاریشیان پێ بدەن كە كێ هێناویەتی. ئەو سەرچاوەیەی بازاڕی دۆلاری هەولێر وای گوت.

گرفتی دراوی دڕاو، لە زۆربەی وڵاتاندا هەیە و ناوە ناوە لەلایەن بانكی ناوەندیی وڵاتەكانەوە وەردەگیرێنەوە و بە دراوی نوێ دەگۆڕدرێنەوە، ئەگەرچی بانكی ناوەندی عێراق لەو بوارەدا سستە، بەڵام ئەوەی ئەم پێنج هەزارییانەی كردووە بە گرفت، خودی پارەكە نییە، بەڵكو مامەڵەكردنی بازرگانییە لەگەڵ ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش.

هەولێر/ بڵند ئیبراھیم


وشە - كوردۆ شابان