لێدوانی مەسروور بارزانی لەبارەی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا.. كێشەكان چارەسەر دەكەین

:: PM:04:57:16/07/2019 ‌
 مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، لە كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆی شاندی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا گفتوگۆ لەسەر چارەسەری كێشەكان كراوە.

دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەسروور بارزانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی ڕای گەیاند، دوێنی لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارماندا سەردانی بەغدا بكەین بۆ پێشاندانی نیاز پاكی بۆ چارەسەری كێشەكان.

زیاتر گوتی، كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆ زۆر گرنگ بوون و گفتوگۆ لەسەر چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كراوە و لە داهاتوو هەنگاوی زیاتر بۆ چارەسەری كێشەكان دەنێین.

دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا تێگه‌یشتنى زۆر باش هه‌بوو، ئه‌وه‌ى پێویست بوو له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ بگوترێ ئاماژه‌ى بۆ كرا. 

لای خۆیەوە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگ بوو، گفتوگۆی گرنگ لەبارەی چارەسەری كێشەكان كراوە.

ئەمڕۆ مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری سەردانی بەغدایان كرد و مەبەستیش لەوسەردانە پێشاندانی نیاز پاكی كوردستانە بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغدا.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم

ئه‌م بابه‌ته 256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌