پزیشكی نەخۆشییەكانی لووت: هەندێك نەخۆش دەڵێن با هەناسەم نەمێنێت بەس لووتم جوان بێت

:: PM:05:51:16/07/2019 ‌
دكتۆر ئاراس عادل مەلا عەزیز پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی قوڕگ و لووت و گوێ، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ "وشە" باسی نەشتەرگەری جوانكاری لووت دەكات و دەڵێت، لەبەرئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی لووتەكان جوان نین و ناڕێكن، بەگشتی خەڵك نەشتەرگەری جوانكاری دەكەن، ئەوانەیشی جوانكاری لووت دەكەن زیاتریان ژنن، بەڵام لەچاو ساڵانی ڕابردوو پیاویش ئێستە بە ڕێژەیەكی بەرچاو نەشتەرگەری جوانكاری بۆ لووتیان دەكەن.
 
جوانكاری لووت ئێستە یەكێكە لە باوترین جۆرەكانی جوانكاری لە هەموو دنیا بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام جوانكاری و ڕاستكردنەوەی لووت دوو شتی لەیەكتر جیاوازن. جوانكاری لووت ئەوەیە كە كەسێك ڕازی نییە لە شێوازی لووتی و دەیەوێ جوانی بكات، یان كەسێك لووتی تەواو نییە و بۆ چارەسەر نەشتەرگەری دەكات .

ئێوەی پزیشك  نەشتەرگەری جوانكاری لووت بۆ هەموو كەسێك دەكەن كە داوا دەكات؟
كاتێك كەسێك كە سەردانمان دەكات، یەكەم ئیش پشكنینی بۆ دەكەین لایەكانی لووت و كۆڵەكەی لووتەكەی دەپشكنین، ئەوكات بڕیار دەدەین ئەگەر كەسەكە كێشەی نەبێت، ئەوا پێی دەڵێین پێویستیت بە نەشتەرگەری نییە، بەڵام ئەمە كەمە، چونكە وەك پێشتر گوتم زۆربەی كەسەكان دەیانەوێت، بەشێوەیەكی گشتی بڕیاری نەشتەرگەری لووت بڕیارێكی هاوبەشە لە نێوان نەخۆشەكە و پزیشكەكەدا، دەبێ پزیشك دڵنیا ببێت كە كێشە لە لووتی كەسەكە هەیە، ئەوكات نەشتەرگەری بۆ بكات، بەڵام هەندێك جار نەخۆش گوێ بە قسەی پزیشكەكە نادات و دەڵێت دەبێ هەر بۆم بكرێت، ئەوكات دەكەوێتە سەر پزیشكەكە ئازادە دەیكات یان نایكات، من وەك دكتۆر ئاراس نایكەم بۆ كەسێك پێویستی نەبێت.


 لە زانستی پزیشكیدا دەكرێ نەشتەرگەرییەكی تایبەتی لووت لەگەڵ جوانكاری بەیەكەوە لەیەك كاتدا ئەنجام بدرێت؟
ئەوانەی كە كێشەی بەستنی هەناسەیان هەیە واتا ئەوانەی هەناسەیان تەنگە، یان زەبرێكی دەرەكی بەر لووتیان كەوتووە یان كۆڵەكەی لووتیان شكاوە یان هەر كێشەیەكی تری لووت، لەو حاڵەتەدا ئێمە نەشتەرگەری وەك پیشەیەكی پزیشكی تەندروستی بۆ سەلامەتی هەناسەی كەسەكە دەكەین، بێگومان دەتوانین جوانكاریشی بۆ بكەین بەپێی حاڵەتەكە، بەڵام بەپێی جۆری نەشتەرگەرییەكە ناتوانرێ لووتەكە وەك نەشتەرگەرییەكی جوانكاری بە جوانی دەربچێت، نابێ لەو حاڵەتەدا كەسەكان زۆر گرنگی بەوە بدەن كە لەگەڵ چارەسەر جوانكارییان بۆ بكرێت، هەرچەندە زۆربەی نەخۆشەكان دەڵێن، "دكتۆر با هەناسەم نەیەت بەس لووتم جوان بێت"، لەو حاڵەتانەدا ناتوانرێ جوانكارییەكی ئەوتۆ بۆ لووتەكە بكرێت، هەر خۆی گرنگترین شت لەو كاتەدا چاككردنی هەناسەی كەسەكەیە.

ئامادەكاری پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانكاری لووت و دوای نەشتەرگەری چین؟
یەكەم جار پێویستە پزیشكی تایبەتی نەشتەرگەركار واتا ئەو پزیشكەی نەشتەرگەری بۆ دەكات بیبینێت و زانیاری تەواوی لێ وەربگرێت، دواتر كۆمەڵێك پشكنینی خوێن هەیە دەبێ ئەنجامیان بدات، نابێ هەشت سەعات پێش نەشتەرگەری هیچ بخوات، دوای نەشتەرگەریش دەبێت سەریان بەرز بێت و ئاگاداری قاڵبەكە ببن، دوای هەفتەیەك تا 10 ڕۆژ قاڵبەكە لێ دەكرێتەوە، دواتر لەزگەكە بۆ ماوەی دوو تا شەش مانگ دەبێ بەكار بهێنرێت، هەندێك هەر بەكاری ناهێنن، هەندێك بۆ ماوەی دوو مانگ بەكاری دەهێنن، بەپێی پێستی نەخۆشەكە و ئەو جۆرە نەشتەرگەرییەی بۆ لووتەكە كراوە پزیشك بڕیار دەدات.

ئەوانەی كە جاری یەكەم نەشتەرگەرییەكەیان سەركەوتوو نابێت یان دوای چەند جارێك شكڵی لووتیان بەدڵ نییە، دەتوانن دووبارە نەشتەرگەری بكەنەوە؟
بەشێوەیەكی گشتی 10% بۆ 20%ی نەشتەرگەرییەكانی جوانكاری پێویستییان بەوە دەبێت دووبارە و سێبارە نەشتەرگەری بكەنەوە، ئەمە ڕێژەییە و لە هەموو دنیادا ئەگەری ڕوودانی هەیە، ئەنجامدانی نەشتەرگەری چەندجارەش ئاساییە، ئەمە بە موزاعەفات ڕوو نادات، چونكە مەرج نییە هەڵەی پزیشكەكە بێت زۆر جار نەشتەرگەرییەكە بەو جۆرەیە، یان كەسەكە واس واسە و دەڵێت لایەكی لووتی خوارە یان كونی لووتێكی گەورەترە یان دەیەوێ لووتی بەرزتربێت یان نزمتر بێت یان دەیەوێ زیاتر بچووكی بكاتەوە، ئەوە هەر كەسە و بە جۆرێك بڕیار لەسەر شكڵی لووتەكەی دەدات. 

مەترسییەكانی نەشتەرگەری جوانكاری لووت چین؟
كۆمەڵێك شت هەن دەبێ نەخۆش بیزانێت كە ئەگەری ئەوەی هەیە تووشی خوێنبەربوون بێت كە ئەو كاتە پزیشك ڕاستەوخۆ چارەسەری خوینبەربوونەكە دەكات، ئەوەی كێشەی گەورەیە ئەوەیە كاتێك پزیشكەكە زۆر دەستكاری پێستی لووتی كەسەكە دەكات، ئەگەری ئەوە هەیە پێستەكە تووشی مردن یان لەناوچوون ببێت، ئەو كاتە لووتەكە تووشی كێشە دەبێت و تووشی دروستبوونی چڵك دەبێت، ئەمە بەڕاستی ترسناكە و دەبێ پزیشك وریا بێت لەكاتی دەستكاریكردنی لووتەكە، هەروەها نەشتەرگەری جوانكاری لووت وەك هەموو نەشتەرگەرییەكی تر بۆی هەیە دووچاری مەترسی بەنج ببێتەوە، یان هەڵوەشانەوەی تەقەڵەكان، ئەگەر هەڵێشنەوەشێتەوە شوێنەكەی دیار دەبێت، ئەگەر مەرهەمی باشی بۆ بەكار نەهێنیت كە پزیشك ڕینوێنی دەكات.

دیمانە/ ئیڤان عەبدولڕەحمان





وشە - تایبه‌ت