ئەو سێ شتە مەترسی خەڵەفانت لێ دوور دەخەنەوە

:: PM:07:26:16/07/2019 ‌

خەڵەفان وەك یەكێك لە نەخۆشییەكانی سەردەم فرەوانتر بووە بە بەراورد بە پێشتر و مرۆڤ لەكاتی بەتەمەنداچوون بیرهاتنەوە و ناسینەوەی زۆر لاواز دەبێت تا ئاستی سفر، توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرای دەكات كە ئەگەر حاڵەتەكە بۆماوەییش بێت، دەتوانرێت لە رێگەی چەند شتێكەوە ئەگەری تووشبون بەو حاڵەتە كەم بكرێتەوە.

توێژینەوەكە كە لە بڵاوكراوەی زانستی "گاما"، بلاو كرایەوە گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە مەترسی تووشبوون بە خەڵەفان لای ئەوانەی كە ئامادەیی بۆماوەییان هەیە بۆ تووشبوون، بە ڕێژەی 32% كەمتر بووەتەوە ئەگەر ئەوان پابەندی سیستەمێكی ژیانی تەندروست و سیستەمێكی خۆراكی باش و پابەندی وەرزشكردنی رێكخراو بن. 

وەك ئاژانسی "رۆیتەرز"، بڵاوی كردەوە كە ئەگەری تووشبوون لەو كەسانەی ئامادەیی بۆماوەییان تیادایە و شێوازی ژیانی ناتەندروستیان هەیە، ئەگەری تووشبوونیان بە خەڵەفان سێ هێند زیاترە، ئیلزبیتا كۆزما، توێژەر لە زانكۆی ئیكسترای بەریتانی لەو بارەوە دەڵێت، ئەنجامەكان مایەی گرنگیدانن، چونكە دەیسەلمێنن كە دەتوانین شتێك بكەین بۆ ئەوەی ئەگەر ئامادەیی تووشبوونیشمان بە نەخۆشییەكە هەبێت، پێشی لێ بگرین.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە دەكات كە نەخۆشی خەڵەفان ساڵانە كار دەكاتە سەر 50 ملیۆن كەس لە جیهاندا و ساڵانەش 10 ملیۆن حاڵەتی نوێ هەیە كە پێشبینی دەكرێت تا 2050 سێ ئەوەندە زیاد بكات.

دێڤید لویلین، توێژەر لە زانكۆكە دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو ئەنجامانە پەیامێكن كە ناكرێت خۆمان رادەستی قەدەری تووشبوون بە نەخۆشییەكە بكەین ئەگەر ئامادەیی بۆماوەییمان تیادا بێت و دەكرێت مەترسی تووشبوون لە رێگەی شێوازێكی تەندروستی ژیان كەم بكەیتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل