ژاپۆن لە پاككردنەوەی مین یارمەتی كوردستان دەدات

:: PM:02:26:12/01/2017 ‌

حكوومەتی ژاپۆن لە چوارچێوەی پرۆتۆكۆڵێكی لێكتێگەیشتن، سەرووی ٨٣٣ هەزار دۆلار دەداتە دەزگەی مین بۆ دابینكردنی ژمارەیەك  ئامێر و كەلوپەلی پێویست بۆ تیمەكانی پاكسازیی مین و تەقەمەنی.

پرۆتۆكۆڵەكە بەئامادەبوونی فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێم و محەمەد ئەحمەد سەرۆكی دەزگەی گشتی كاروباری مین و كێنتاڕۆ سێنۆرا وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوەی ژاپۆن واژوو كرا.

محەمەد ئەحمەد سەرۆكی دەزگەی مین وێڕای سوپاسی وڵاتی ژاپۆن گوتی، خاكی كوردستان بەهۆی بوونی مین و بۆمبی چێنراو، بووەتە مەرگێكی شاراوە بۆ هاووڵاتییان و تا ئێستە نزیكەی  14 هەزار هاووڵاتی بەو هۆیەوە گیانیان لە دەست داوە و بە سەدانی تریش بریندار و كەمئەندام بوون.

 ئەو هیوای خواست خاكی كوردستان بە هاوكاری رێكخراوە ناوخۆ و نێودەوڵەتییەكان و دەزگەكەیان بە یەكجاری پاك بكرێتەوە.

هاوكات كینتاروس سینورا وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوەی ژاپۆن خۆشحاڵی خۆی بەسەردانەكە بۆ كوردستان دەربڕی و گوتی، جێگەی شانازیی ژاپۆنە لە پاككردنەوەی مین هاوكاری كوردستان بكات و خەڵكی بێ تاوان لە مردن بپارێزێ.

بەگوێرەی ئەو پرۆتۆكۆلە، حكوومەتی ژاپۆن كۆمەڵێك كەلوپەل و ئامێرەكانی پاككردنەوەی ناوچە پیسبووەكان بە مین  و تەقەمەنی بۆ دەزگەی مین بە بڕی ٨٣٣ هەزار و ٣٢٩ دۆلار دابین دەكات و مەبەستیەتی ٤٢٤ هەزار مەتری چوارگۆشە لە ١١ كێڵگەی مین لە كوردستان پاك بكاتەوە.






وشە - سلێمان تاشان