پورتوگال پێدانی ڤیزەی بە هاووڵاتییانی ئێران راگرت

:: AM:09:47:17/07/2019 ‌

حکومەتی پورتوگال پێدانی ڤیزەی بە هاووڵاتییانی ئێرانی راگرت و لەبارەی هۆکاری ئەو بڕیارەیش تەنیا ئاماژەی رای گەیاند، ئەو بڕیارە بۆ پاراستنی تەناهی وڵاتەکەمانە.

ئەمڕۆ چوارشەم 17ی تەمووز، ئاژانسی هەواڵی دویچەوێلەی ئەڵمانی ئاماژەی بە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی پورتوگال داوە و تیایدا هاتووە، وەزارەتی دەرەوەی پورتوگال بۆ ماوەیەکی نادیار پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتییانی ئێران رادەگرێت.

ئاگۆستۆ سانتۆس سیلڤا وەزیری دەرەوەی پورتوگال بێ ئەوەی ئاماژە بە وردەکارییەکان بدات رای دەگەیەنێت، کۆمیتەیەکی پەرلەمان ئێرانی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی حکوومەتی پورتوگال بڕیاری راگرتنی ڤیزەی بە هاووڵاتییانی ئێرانی داوە.

وەزیری دەرەوەی پورتوگال بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، حکوومەت هیچ نەرمییەک لەبارەی هاتنەناوەوەی هاووڵاتییانی ئیرانی بۆ پورتوگاڵ نانوێنێت و دەبێ لەوە تێبگەن ئەوە بڕیارێکی رژدە و دەبێ پێوەی پابەند بن.

زیاتر روونی دەکاتەوە، بەهۆی کۆمەڵێک پرسی تەناهییەوە هۆکارەکانی راگرتنی ڤیزە بە ئێرانییەکان ناخەینە روو و ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، دواتر هۆکارەکانی پشتی ئەو بڕیارە بۆ رای گشتی روون دەبێتەوە.

پێشتر میدیاکانی ئەوروپا ئاماژەیان بە بڵاوبوونەوەی تۆڕێکی رێکخراو لە چەند وڵاتێکی ئەوروپی دابوو کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ "شێواندنی ئاسایشی نیشتیمانی" چەند وڵاتێک لەو کیشوەرە بڵاوەی پێ کردبوو.



وشە - هیدایه‌ت جان