پەکەکە گیانلەدەستدانی سێ بەرپرس و دوو گەریلای راگەیاند

:: AM:10:36:17/07/2019 ‌

میدیاکانی پەکەکە هەواڵی گیانلەدەستدانی پێنج ئەندامی ئەو حزبەیان بەهۆی بۆردمانەکانی تورکیاوە پشتڕاست کردەوە و رای دەگەیەنن، خانەوادەی ئەو گەریلایانەمان لە شەهیدبوونیان ئاگادار کردووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 17ی تەمووز ماڵپەڕی فەرمی پەکەکە رۆژ نیوز رای گەیاندووە، کۆمیتەی پشتیوانیی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە پەیامی بۆ خانەوادەی پێنج گەریلا نارد کە لە ڕۆژی 21ی ئادار شەهید بوون.

بەپێی ئەو هەواڵە دوو لەو ئەندامانەی پەکەکە گەریلا و سێی تریان بەرپرسی سەربازی بوون لەناو ریزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا.

زیاتر روون کراوەتەوە، "هەریەک لە سینانی سور"عەلی ئاکتاش"، سەرحەد ئەمانوس-ڤارتۆ"ئەمروڵا دورسون" ئەندامی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە، ناڤدار سنگەر"میکایل ئۆزدەمیر"، سەرحەد شەفەک"ڤەهیپ تەکین"، شیار فەرشین"جەلال ئۆزتورک"، لە ڕۆژی 21ی ئازار لە ئەنجامی بۆردمانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهیدبوون".

پێشتر میدیاکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا هەواڵی گیانلەدەستدانی سەرحەد ڤارتۆ، ئەندامی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی پەکەکەی راگەیاندبوو، بەڵام پەکەکە پشتڕاستی ئەو هەواڵانەی نەکردبۆوە.



وشە - هیدایه‌ت جان