رێكخراوەكانی جینۆساید لە گۆڕستانی ئەنفالكراوان گردبونەوەیان ئەنجامدا

:: PM:12:22:17/07/2019 ‌

ئەمڕۆ لە رۆژی جیهانی دادپەروەریدا، لە گۆڕستانی گوندی دێبنەی تایبەت بە ئەنفالكراوان لە شارەدێی رزگاری رێكخراوەكانی تایبەت بەدۆزی جینۆساید گردبونەوەیەكیان ئەنجامدا و داوایان کرد عێراق ناچار بكرێ ببێتە ئەندامی دادگای نێونەتەوەیی .

ئەمڕۆ چوارشەم 17ی تەمووز، ئەحمەد مەجید سەرۆكی رێكخراوی چاودێری كوردۆساید چاك بە "وشە"ی راگەیاند، ئێمە وەك 375 رێكخراو ئەندامین لەو تۆڕەدا كە بە تۆڕی رێكخراوەكانی تایبەت بە كاركردن بۆ جێبەجێكردنی بەئەندامبوونی وڵاتانی جیهان ناسراوە بۆ بە ئەندام بوون لەدادگای باڵای نێونەتەوەیی و فشارەكانمان ساڵانە دووبارە دەكەینەوە لەم رۆژەدا بۆ ئەوەی لە عێراقی نوێدا تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی دوژمنكاری دووبارە نەبنەوە، پێویستە عێراق بۆ دڵنیاكردنەوەی خەڵكی كوردستان و كەمایەتی ئاینی و مەزەبییەكانی بە پەیماننامەی ڕۆماوە پێوەست بێت و ببێتە ئەندامی دادگاكە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئێمە بێ پسانەوە كار بۆ بە ئەندامبوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی دەكەین، لە درێژەی هەڵمەتەكەمان بۆ بە ئەندامبوونی عێراق لەو دادگایە تا ئێستا واژۆی هەزار و 444 پارت و لایەنی سیاسی و رێكخراوی كوردستانی و وەزیر و پەرلەمانتاری خولەكانی پێشوی پەرلەمانی عێراق و 85 پەرلەمانتاری خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستان و 89 پەرلەمانتاری ئەم خولی رابردووی پەرلەمانی كوردستان و 60 پەرلەمانتاری خولی پێشتریپەرلەمانی عێراقی سەر بە لیست و پێكهاتە جیاجیاكان و پێنج هەزار واژۆی چالاكوانان و هاووڵاتییانی كوردستانمان بە هاوكاری پەرلەمانتارانی كوردستان و عێراق كۆكردۆتەوە و داومانە بە لایەنە جیاجیاكانی كوردستانی و عێراقی لە پێناو بە ئەندام بوونی عێراقی لە دادگای ناوبراو.

"ئەم هەوڵانە لە پێناو ئەوەی جارێكی دیكە بەرەوڕووی تاوانەكانی كۆمەڵكوژی رابردوو نەبینەوە، وەك لە ئابی 2014 بینیمان جارێكی دیكە گەلەكەمان لە شەنگال جینۆساید كرایەوە" ئەحمەد مەجید وای گوت.

سەرۆكی رێكخراوی چاودێری كوردۆساید چاك دووپاتی دەکاتەوە، لە یادی21 ساڵەی بڕیاری پێكهێنانی دادگاكە و 15 ساڵەی دەست بەكار بونی ئەو دادگایە ئەم داواگاریانەدەخەینەروو:

- حکوومەتی هەرێمی كوردستان فشار بخاتە سەر حکوومەتی ناوەندی بۆ ئەوەی پەیماننامەی رۆما واژۆ بكات و ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی، بۆ ئەوەی نیازپاكی خۆی لە رێگای بەئەندامبونی لە دادگاكە بۆ پێكهاتەكانی ئەم وڵاتەی مەڵبەندی جینۆساید رابگەیەنێت كە دژ بە دووبارەبوونەوەی تاوانەكانی رابردووە كە بەسەر گەلەكەماندا هاتووە وەک "هەڵەبجە، ئەنفال، بارزانی، فەیلی، تەعریب، شەنگال، سمبێل ...".

- حکوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو تۆمەتبارانەی هاووڵاتی كوردستانن و تاوانی گەورەی نێونەتەوەییان ئەنجامداوە یان بەشدارییان تێیدا كردووە دادگایی بكات و ناویان بداتە پۆلیسی ئینتەرپۆل بۆ گرتنی هەڵاتووەكانیان نموونە 258 تۆمەتباری ئەنفال .

- حکوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە هیچ كەسێك نەكات لە هەرێمی كوردستان كە لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە بداواكراو بێت، لە كاتی سەردانیكردنیان دەستگیریان بكات و تەسلیم بە دادگای ناوبراویان بكات.

- نوێنەرانی كورد لە حکوومەتی ناوەندی پێشوازی لە هیچ داواكراوێكی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نەكەن یاخود سەردانی وڵاتەكانیان نەكەن.

- حکوومەتی هەرێمی كوردستان رێگا نەدات بە هاتنی هیچ عێراقییەك بۆ كوردستان كە تاوانی نێودەوڵەتییان ئەنجام دابێت، لە كاتی هاتنیان دادگاییان بكات .

پەیماننامەی ڕۆما كە لە 17-7-1998 بریاری لەسەر دراوە، تا ئێستا چەندین جار هەموار كراوەتەوە و لە 2002 دەستی بەكار كردووە. تا ئیستا 122 دەوڵەت پەسندی پەیماننامەكە و دادگاكەیان كردووە، هەروەها 139 وڵات واژۆیان لەسەر كردووە، سیستەمی نوێی جیهانی كە خۆی لە دادگای تاوانی نێونەتەوەیی دەبینێتەوە، ئامرازێكی گرنگ و بەهادارە بۆ ڕێگە گرتن لە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و تاوانی دوژمنكاری و بەسزا گەیاندنی بكەرانی.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان