چەند بەرپرسێکی حزبی لە باشماخ هێلکە بە قاچاخ دەهێنن

:: PM:01:07:17/07/2019 ‌

هاوردەكردنی هێلكە لەلایەن چەند بەپرسێكی باڵای حزبییەوە، لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، كاردانەوە و نیگەرانی لێكەوتۆتەوە و سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانیش لە پارلەمانی كوردستان، هۆشداری توند دەدات و داوای دانانی سنوورێك بۆ ئەو كارە دەكات.

عەلی حەمە ساڵەح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپارلەمانی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، لەماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا، چەند بەرپرسێك سەرقاڵی بەقاچاخ هێنانی دوگی حەیوان و هێلكە بوون لە رێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، لەكاتێكدا هاوردەكردنی هێلكە قەدەغە كراوە، بەڵام بەشێك لە بەرپرسەكان دەستیانداوەتە هێنانە ژوورەوەی هێلكە بەقاچاخ، بەزەبری هێزی و بە بەكارهێنانی دەسەڵاتیان.

زیاتر روونی دەکاتەوە، تەنیا لەماوەی دوو شەودا، 40 كۆنتێنەر هێلكە بە قاچاخ داخڵكراوە و بۆ هەر كۆنتێنەرێكیش 9 ملیۆن دینار دراوە، ئێستا كۆنتێنەرو هێلكەكان لەسلێمانی لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستی بەسەردا گیراوە لەنزیك ناوچەی هوانە، هەرچەندە هەوڵ هەیە بۆ ئازادكردنیان.

"پێویستە یەكەی ئیداری و هێزە ئەمنیەكان، ئەم هێلكانە، ئەگەر مەرجی تەندروستیان تێدایە بە زیادكردنی ئاشكرا بفرۆشن و پارەكەی بخەنە خزمەتی سلێمانی.و سنورێكی بۆ دابنرێت" عەلی حەمەساڵح وای گوت.

كەیوان ئازاد، یەكێك لەبازرگانان لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بۆ "وشە" گوتی، بەداخەوە رۆژانە ژمارەیەكی زۆر كارتۆنە هێلكە لەناو كۆنتێنەر واتە ئوتومبێلی بەڕاد دەهێندیرَتەوە سنووری شارۆكەی پێنجوێن و لەوێشەوە بۆ پارێزگای سلێمانی، كە لەلایەن بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتیەوە ئەو كارە دەكرێت و هاووڵاتییانی پێنجوێنیش بەروونی ئەمەیان بینیوە و هەستیان پێكردووە.

دووپاتی لەوەیش کردەوە، ئەم كارە زیاتر لەدوای 12ی شەوەوە ئەنجام دەدرێت و لەو كاتەدا لەڕێی مەرزی باشماخەوە، كار ئاسانی زۆر بۆ شۆفێری ئوتومبێلەكان دەكرێت و كەسیش ناتوانێت رێگەیان لێ بگرێت و لە ئێرانەوە هێلكە دەهێندرێت، چونكە لەم كاتەدا نرخی هێلكە بەرزە و بەرپرسانی یەكێتیش دەیانەوێت بەم شێوەیە پارەیەكی زۆریان دەست بكەوێت.

بۆ وەگرتنی لێدوان و زانیاری زیاتر "وشە" پێوەندی بەلیوا مەریوان كەمال، سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە کرد، ناوبراو، ئامادە نەبوو هیچ روونكردنەوەیەك بدات.

مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە شارۆكەی پێنجوێنەوە دوورە و رۆژانە كاروباری بازرگانی و گەشتیاری لێوە ئەنجام دەدرێت.

وشە/ تایبەت



وشە - هیدایه‌ت جان