"ئەو پەنابەرانەی دەگەرێنەوە کوردستان قەرەبوو دەکرێنەوە و کاریان بۆ دابین دەکرێت"

:: PM:01:37:17/07/2019 ‌

بەرێوبەری کۆچ وکۆچبەرانی هەولێر دەڵێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ دیپۆرتکردنەوەی بەزۆری پەنابەران نیە و رازیش نابێت بەو کارە، بەڵام وەک ھاندانێک بۆ ئەوەی پەنابەری کورد بگەرێنەوە، ھەر کەسێک بگەرێتەوە کاری بۆ دەدۆزنەوە و ھاوکاری مادیشی دەکەن و ئاشکراشی دەکات، خەڵک زۆر دەگەرێتەوە وسەردانی ئێمە دەکەن و ناویان تۆمار دەکەن.


ئەمڕۆ چوارشەم 17ی تەمووز، شاکر یاسین بەڕێوبەری کۆچ وکۆچبەرانی ھەولێر بە "وشە"ی راگەیاند، لەدوای دەست پێ کردنی شەری داعش گەنجانی ھەرێم ئەمەیان بە دەرفەت زانی کۆچ بکەن بۆ دەرەوەی وڵات و ئێمەش بۆ رێگریکردن لە کۆچکردن و گەڕانەوەی ئەوانەی کۆچیشیان کردووە لەگەڵ چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتی پڕۆژەیەکمان راگەیاند بۆ ھاوکاریکردنی ئەو خەڵکەی لەدەرەوە دەگەرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.

زیاتر روونی دەکاتەوە، سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش نەگۆڕە کە ھیچ پەنابەرێک دیپۆرت بکرێتەوە وەری ناگرنەوە و ھەر پەنابەرێکیش ئێستا بگەرێتەوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بۆیە ئەوانەی باس لەوە دەکەن کە خەڵک دیپۆرت دەکرێتەوە و لە ھەولێر دەستگیردەکرێت ھیچ بنەمایەکی نیە.


"ئێمە بە مەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی پەنابەرانی ھەرێم سەردانی ئەڵمانیامان کرد و لەگەڵ چەندین لایەنی پێوەندیدار کۆبووینەوە و ئەوان باسیان لەوە کرد لەساڵی 2016 تاوەکو ئێستا 650 ھەزار کەس داوای پەنابەری لە وڵاتانی ئەورپا کردووە و لەوانە 185ھەزار کەس داوای مافی پەنابەری لە ئەڵمانیا کردووە وتەنیا ئەمساڵ 44 ھەزار عێراقی داوائ پەنابەرێتی رەت کراوەتەوە" شاکر یاسین.


بەڕێوبەری کۆچ وکۆچبەرانی ھەولێر ئاشکرای دەکات، ئێمە بۆ ھاندانی ھاووڵاتییان بۆ ئەوەی بگەرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان کاریان بۆ دەدۆزینەوە و برێکی باشی پارەیان پێدەدەین بۆ ئەوەی کە دەگەرێنەوە ببنە خاوەن کار و پڕۆژەی خۆیان و ئێمە داوامان لەئەڵمانیا کردووە کە پڕۆژەی گەورەتر بێننە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پەنابەرەکان بگەرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.

دووپاتی دەکاتەوە، کۆمەڵێک پڕۆژەی نوێمان ھەیە بۆ ئەو پەنابەرانەی لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان. لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر دەگەرێنەوە و سەردانی ئێمە دەکەن و ئێمەش ناویان تۆمار دەکەین و کاریان بۆ دەدۆزینەوە و ھاوکاری داراییشیان دەکەین.


هەولێر/ بڵند ئیبڕاهیم



وشە - هیدایه‌ت جان