پارەكەی بەغدا دەگات و لیستی مووچەی سبەی ڕاگەیەنرا

:: PM:02:11:17/07/2019 ‌
بڕیارە سبەی مووچەی وەزارەتێك دابەش بكرێت و پارەكەی بەغداش دەگاتە هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی تەمووز، سەرچاوەیەك لە یەكێك لە گەنجینەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سبەی مووچەی وەزارەتی دادی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت.

ئەو سەرچاوەیە گوتی، دابەشكردنی ئەو مووچەیە بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵە و دابەشكردنیش بەردەوام دەبێت، هەروەها سبەی پارەكەی بەغدا دەگاتە هەرێمی كوردستان بۆیە هەفتەی داهاتوو دابەشكردنی مووچە خێرا دەبێت.

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لە ناوەڕاستی هەر مانگێك عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بە داهاتی ناوخۆی و پارەی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و فرۆشتنی نەوت مووچەی فەرمانبەران دەدرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵ پاشكەوتی مووچە لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەڵگیراوە و پێدانی مووچە ئاسایی بووەتەوە لە پێنجی سەرەتای هەر مانگێك لە هەرێمی كوردستان مووچە دابەش دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد