بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر بە هاوكاری بەشی ڕۆشنبیری كۆیە، سبەی پێنجشەم لە هۆڵی ڕۆشنبیری هەولێر كۆنسێرتێك بۆ هاوڕێیانی ئارامی ڕۆح ساز دەكات.
ئەمڕۆ چوارشەم 17ی تەمووز، ڕەوەز مەولوود بەڕێوەبەری هونەری كۆیە تایبەت بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەم تیپە پێنج ساڵە دامەزراوە و بەردەوامن، لە بەرنامەیاندایە لە سەرجەم شارەكانی كوردستان كۆنسێرت بكەن، دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو سێ كۆنسێرتیان لە شاری كۆیە ئەنجام دا، بۆیە بە پێویستیان زانی كە هەنگاو بەرەو دەرەوەی كۆیە بنێن و سەرەتا شارە جوانەكەی قەڵا و منارە هەڵبژێرن.
ئەو سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێری كرد كە لەڕێی بەشی ڕۆشنبیری و هونەری كۆیە ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساندوون.
زیاتر گوتی، هاوڕێیانی ئارامی رۆح لەسەر دەستی هونەرمەندی بەتوانا مامۆستا ئارەزوو ئیسماعیل دروست بووە و كار لەسەر شێوازی تایبەتی خۆی دەكات لەگەڵ گۆرانییە ڕەسەنەكانی كوردی، هەروەها لە سەرجەم كۆنسێرتەكانیان زۆربەی گۆرانییەكان ئاوازی تازەی تێدا بووە كە لەلایەن مامۆستا ئارەزوو ئاوازی بۆ دانراوە و پێشكەشیان كردووە.
رەوەز مەولوود روونی كردەوە "تیپەكەمان لە هەشت ژەنیار و چەند گۆرانیبێژێك و چەند ئەندامێكی تر كە كارە هونەرییەكان دەكەن و بە دیكۆر و وێنەگرتن و كاری دەنگەوە نزیكەی 20 كەس دەبین، هەروەها لە داهاتوودا لە بەرنامەماندایە هەر چوار پارچەی كوردستان بەسەر بكەینەوە و كۆنسێرت ساز بكەین."
وشە/گەرمیان گلی