دوای رزگاركردنەوەی پارێزگای نەینەوا لە رێكخراوی داعش، شاری مووسڵ و ناوچەكانی تر جموجۆڵێكی تر بەخۆیانەوە دەبینن، تەنیا حەشدی شەعبی نییە كە لە رێگەی نووسینگەی ئابووری و پاڵپشتی بۆ گرووپە سوننەكان و بەرپرسانی شارەكە دەسەڵاتی خۆی بەسەر كایە گرنگەكانی شارەكە سەپاندووە، ئەوەتا وەقفی شیعە لە رێگەی حكوومەتی عێراقەوە جەنگی مەزارگە و مزگەوتەكانی دەست پێ كردووە و هۆكاری سەرەكیش جیا لە بەشیعەكردن، ئابووری و دەستكەوتی مایەكییە.
لە دوای ئازادكردنەوەی مووسڵ لە داعش لە 2017 جموجۆڵی وەقفی شیعە بە شێوەیەكی دیار لە مووسڵ دەستی پێ كردووە بۆ دەستگرتن بەسەر موڵكوماڵ و مزگەوتەكانی وەقفی سوننە، كێشەی نێوان وەقفەكانی سوننە و شیعە زیاتر لە دوای 2003ەوە دیار كەوت لە دوای هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی ئەوقاف و دامەزراندنی چەند دیوانی وەقفی بۆ هەر مەزەو و ئاینێك.
عەمار غالب، راوێژكاری یاسایی لەو بارەوە دەڵێت، ئەو هەنگاوە بووە سەرەتای بەشبەشێنەی تایفی لە عێراق كاتێك زۆر لە عێراقییەكان نەیاندەزانی وەقفەكان سەر بە چ مەزەوێكن، بۆیە وەقفی سوننە و شیعە و مەسیحی و ئاینەكانیتر هاتە دامەزراندن، دەبوایە لە 2008 دوای دەركردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەو بارەوە كێشەی موڵكوماڵی ئەو وەقفانەش چارەسەریان بۆ بكرایە كە موڵك و ماڵەكانی بۆ هەر یەكەیان دیاری كرد. بەڵام وەقفی شیعە دان بەو بڕیارە نانێت و كێشەكە هاتە پێشەوە، ئەوان بۆ یاسای 2005 دەگەڕێنەوە كە باس لەوە دەكات هەر مزگەوتێك یان موڵكوماڵێكی شیعە یان ئەوانەشی لە هەر شوێنێكی عێراق ناوی ئالولبەیتی لەسەر بێت هی وەقفی شیعەیە، بۆیە ئەوان ئەوەیان بۆخۆیان كردە یاسا و پێوەر.
ئێستە لە مووسڵ بە رۆژی رووناك و بە بەكارهێنانی هێزی سەربازی و نووسراوی دادنووس دەست بەسەر موڵكوماڵی وەقفی سوننەدا دەگیرێت، عەبدوڵا نەجم، كرێچییەكی وەقفی سوننەیە لە باڵەخانەیەكی بازرگانی لە ناوچەی نەبی شیت، ئاماژە دەكات كە بە بەپێی گرێبەستی یاسایی كرێژی وەقفی سوننە بوونە، بەڵام لە 27ی مانگی رابردوو چەند ئۆتۆمبێلێكی چەكداران كە جلی سەربازیان لەبەر بوو و بە نووسراوی دادنووس ئێمەیان ئاگەدار كردەوە لە ماوەی چەند رۆژێك چۆڵی بكەین.
ئەبوبەكر عەدنان، بەڕێوەبەری وەقفی سوننە دەڵێت، ئەوەی ئێستە لە مووسڵ روو دەدات دووەم هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی موڵكوماڵی وەقفی سوننەیە لەلایەن وەقفی شیعە لە دوای هەڵمەتی 2008 كە تا هاتنی داعش لە 2014 بەردەوام بوو، بۆیە راستەوخۆ دوای ئازادكردنەوەی شارەكە هەڵمەتی دووەم دەستی پێ كرد و وەقفەكەمان نووسراوێكی پێ گەیشت 17 مەزارگەی تیادایە وەقفی شیعە داوایان دەكات لەبەر ئەوەی ناوەكانیان هی ئالولبەیتە، لەو كاتەی ئەوانە هەموویان كەوتوونەتە ناوچەی مووسڵی كۆن كە لە مێژوودا هیچ شیعەیەك لەوێ بوونی نەبووە.
زیاتر گوتی، هەروەها ئەوان هەوڵی زۆریان داوە بۆ دەستگرتن بەسەر چەندان باڵەخانەی بازرگانی و دووكانی كۆن كە ئەوانەش لە ناو نووسراوی وەقفی شیعیدا هەن، لەوانە چەندان باڵەخانەی بازرگانی لە بابولتۆب و دەواسە و بابولسەرای و بازاڕی زێڕینگران و سەرجخانە و شەقامی خالید بن ئەلوەلید و مەیدان و موشاهەدە، جیا لە چەندان مەزارگە لەوانە مەزارگەی ئیمان عۆنەدین و ئیمام موحسین و دوەی بن موسافر و مزگەوتی نەبی یوونس لە بەری چەپی مووسڵ.
بەڕێوەبەری وەقفی سوننە لە مووسڵ مەترسی خۆی پێشان دا لە بوونی نیازی زیاتری وەقفی شیعە لەوانە داواكردنی موگەوت و موڵكوماڵی زیاتر، كەچی تا ئێستە حكوومەتی ناوخۆیی و ئەنجوومەنی پارێزگاكە هیچیان پێ نەكراوە، شێخ عەبدولەتیف عەبدولقادر، پێشنوێژی مزگەوتێكی بەری چەپی مووسڵ ئاماژەی كرد كە وەقفی شیعە داوای مزگەوتەكەیان دەكات، بەڵكو هەموو مزگەوتەكانی ناوی كەسایەتییەكانی خێزانی پێغەمبەریان لێیە، ئەوەش وا دەكات مزگەوتی زۆر ئەگەری دەستبەسەرداگرتنیان هەبێت، دووپاتی دەكاتەوە كە ناتوانرێت ناوی مزگەوتەكان بگۆڕدرێت بەهۆی ئەوەی لە مزگەوتە كێشەلەسەرەكانە لە نێوان هەردوو وەقفی سوننە و شیعە.
ئیبراهیم عومەری، شارەزای ئابووری دەڵێت، هەوڵەكانی وەقفی شیعە بۆ دەستكردتن بە سەر مزگەوت و موڵكوماڵی وەقفی سوننە بۆ مەبەستی ئابووریە زیاتر، چونكە هەموو ئەو شوێنانەی لەناو نووسراوی وەقفی شیعە هەن كە داوایان دەكاتەوە و ئەوانەشی بەنیازە داوایان بكاتەوە دەكەونە ناوچەی بازرگانی گرنگ لە ناو مووسڵ كە بەهاكەیان بە چەندان ملیار دینار دێتە خەمڵاندن. چونكە وەقفی شیعە هەژارە و مەزارەكانی نەجەف و كەربەلا و شوێنەكانیتر سەر بە حەوزە و شوێنە پیرۆزەكانی شیعەن و دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە، بۆیە هەوڵ دەكات دەست بەسەر موڵكە بازرگانییەكانی مووسڵ و بەغدا و دیالەدا بگرێت.