چەند رێگەیەك بۆ دواخستنی پیربوونی مێشك

:: PM:07:09:17/07/2019 ‌

شارەزایان لە ئەكادیمیی دەماری ئەمەریكی ئاماژە بۆ چەند رێگەیەیەكی سادە دەكەن كە لەبەر دەستی هەموواندایە و یارمەتی دواخستنی پیربوونی مێشك و خۆبەردوورگرتن لە چەندان جۆری جیاوازی نەخۆشییەكانی پێوەست بە مێشكەوە دەدات.  

لەو توێژینەوەدا كە دوو هەزار كەس بەشداریان تیایدا كرد، شارەزایان بۆ ماوەی پێنج ساڵ چاودێری بەشدارانیان كرد لە رووی توانای تێگەیشتنیان و هەر 15 مانگ تاقیكردنەوەیان بۆ ئەنجام دەدرا، لەو ماوەیەدا كێشەی مێشك لە 532 كەسیان دەركەوت و دوای بەراوردكردنی ئەنجامەكان دەركەوت كە هاندانی چالاكی مێشك كاركردنی تا رادەیەكی زۆر درێژ دەكاتەوە.

دەركەوت كە بەكارهێنانی كۆمپیۆتەر بۆ نموونە لە تەمەنێكی گەورەدا، مەترسی تووشبوون بە لاوازی درككردن و هۆشیاری بە رێژەی 48% كەم دەكاتەوە و پیربوونیش بە رێژەی 30%، هەروەها ئەنجامدانی یارییە جیاجیاكان و بەشداریكردن لە بۆنە و چالاكییە كۆمەڵایەتییەكان و سەیركردنی فیلم لە سینەماكان، ئەگەری گۆڕانكاری لە مێشك بە رێژەی 20% كەم دەكەنەوە.

توێژەران بۆیان دەركەوت كە پێویستە خەڵك چالاكییەكانی رۆژانەیان جۆراوجۆر بكەن بۆ هاندانی مێشكیان و دەركەوتووە كە ئەوانەی تا زیاتر چالاكی ئەنجام بدەن، رێژەی ئەكتیڤبوونی مێشكیان زیاتر دەبێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل