نزیكبوونەوەی لایەنەكان كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر دۆخی ئابووریی كوردستان

:: PM:03:10:12/01/2017 ‌

مامۆستایەكی كۆلیژی كارگێڕی و ئابووریی زانكۆ سەڵاحەدین دەڵێ‌، گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەكان و هاوكاریكردنی یەكتر، باشترین چارەسەری دۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی كوردستانە و رای دەگەیەنێ، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بەشداری چارەسەركردنی هەوڵەكانی باشكردنی دۆخی ئابووریی كوردستان بكەن.

دوێنی چوارشەم كۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو، بەپێی ڕاگەیەنراوێكی كۆبوونەكە، باس لە باشتركردنی بژێوی و دۆخی ئابووریی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان كراوە.

ئیدریس رەمەزان مامۆستایەكی كۆلیژی كارگێڕی و ئابووریی زانكۆ سەڵاحەدین بۆ "وشە" گوتی، بێگومان دەست پێكردنەوەی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان و جموجۆڵی سیاسی، كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر دۆخی ئابووریی كوردستان، بەمەرجێك كۆبوونەوەكان بەئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان بێت.

ئیدریس رەمەزان ئاماژەی دا، گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەكان و هاوكاریكردنی یەكتر، باشترین چارەسەری دۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی كوردستانە.

زیاتر گوتی، ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان پلانێكی گونجاو بۆ دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان دانەنێت، ئەوە لە ساڵی 2017 ڕەنگە دۆخە ئابوورییەكە بەشێوەی ساڵی 2016 بمێنێتەوە.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ رای گەیاند، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەشداری چارەسەركردنی هەوڵەكانی باشكردنی دۆخی ئابووریی كوردستان بكەن. 

كۆبوونەوەی نێوان لایەنەسیاسییەكان‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌سپێشخه‌رییه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دێت بۆ چاره‌سه‌ری ته‌نگژه‌ ناوخۆیییه‌كان كه‌ له‌ 20 تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2016 ئاراسته‌ی ڕای گشتیی كوردستان كرا، تێیدا بارزانی داوای كرد، حزبه‌كان بكه‌ونه‌ گفتوگۆ و په‌رله‌مان كارا بكه‌نه‌وه‌ و سه‌رۆكایه‌تییه‌كی نوێ هه‌ڵبژێرن، دواتر پێویسته‌ حزبه‌كان رێك بكه‌ون حكوومه‌تێكی نوێ پێك بهێنن و به‌ڕێزێكیش بۆ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان تا كاتی هه‌ڵبژاردن ده‌ستنیشان بكه‌ن و منیش به‌هه‌موو توانایه‌كه‌وه‌ یارمه‌تی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌ده‌م.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم