نابینایان چاویان لە كابینەی نوێی حكوومەتە

:: PM:09:48:17/07/2019 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 25 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دامەزراندنی یەكێتی نابینایانی كوردستان و سەرۆكی یەكێتیەكەیش داوا دەكات كە لە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار بۆ باشكردنی مووچەی نابینایان و خاوەن پێداویستیە تایبەتییەكان بكرێت.

هاوبەش نوعمان سەرۆكی یەكێتی نابینایانی كوردستان لقی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆی خراپی دۆخی نابینایان داوا لە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە كار بۆ نابینایان بكات، لە هەشت كابینەی ڕابردوو هیچ یاسایەك نەبوو بۆ خاوەن پێداویستیە تایبەتییەكان، بەڵام خۆشبەختانە لە كابینەی نۆدا و لە كارنامەكەدا باس لە خاوەن پێداویستیە تایبەتییەكان كراوە.

لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین زیاتر لە پێنج هەزار و 675 نابینا هەیە، ئەو نابینایانەی مووچەخۆرن مووچەكانیان 100 هەزار دینارە و ئەوانەشی كە بێكارن مووچەكانیان تەنیا 150 هەزار دینارە. هاوبەش نوعمان دەڵێت: ئەو مووچەیە بەشی پێداویستی كەسێكی ئاسایی ناكات، ئیتر چۆن بەشی پێداویستی كەسێكی خاوەن پێداویستی تایبەت دەكات.

" داواكارین كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاوڕ لە نابینایان و خاوەن پێداویستیە تایبەتییەكان بداتەوە لە ڕووی باشكردنی مووچە، جێبەجێ كردنی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2011 كە تایبەتە بە خاوەن پێداویستیە تایبەتیەكان و چەندان یاسای باشی تێدایە بۆ خزمەتی خاوەن پێداویستیە تایبەتیەكان" هاوبەش وای گوت.

لەبارەی لیژنەیەكی پشكنینی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بۆ جیاكردنەوەی ڕێژەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان سەرۆكی یەكێتی نابینایان دەڵێت، بەمەش ڕێژەیەكی زۆری خاوەن پێداویستیە تایبەتییەكان و نابینایان ناویان سڕایەوە، دوای بەرزكردنەوەی نووسراو بۆ وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەوەی كە لیژنەیەكی تر دروستكەنەوە و بەمەش ناوی ڕێژەیەكی زۆری نابیناكان گەڕایەوە لیستەكە، بەڵام ماوەی شەش مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە كە  مووچەكانیشیان تەنها 150 هەزار دینارە.

هاوكات دابان عەلی گەنجێكی نابینایە لە ڕێی "وشە"وە داواكارییەكانی دەگەیەنێتە حكوومەت و دەڵێت: مووچەكەمان كەمە بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت بەشی هیچ ناكات، بۆیە پێویستە لەم كابینەیە بڕەكەی زیاد بكرێ‌.

سلێمانی / ئاریان محەمەد



وشە - سه‌رخێڵ هاشم