ئه‌كته‌ر و مۆدێلیست "نیان عه‌زیز" یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته، به‌ڵام به‌هۆی لێهاتوویی و تواناكانیه‌وه ناوبانگێكی زۆری ده‌ركردووه. نیان له دیمانه‌یه‌كی بۆ "وشه" ده‌ڵێ، سۆشیال میدیا بووه هۆی ئه‌وه‌ی بناسرێ و به‌هره و تواناكان پێشان بدات.
بیرۆكه‌ی شاجوانی كورته‌باڵاكانی كوردستان هی كێ بوو و چۆن ئه‌م ناسناوه به‌تۆ به‌خشرا؟
بیرۆكه‌ی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ده‌ستنیشانكردنی شاجوانی كورته‌باڵاكانی كوردستان هی خۆم بووه، به‌داخه‌وه ئه‌م بیرۆكه‌یه‌م جێبه‌جێ نه‌كرا، به‌ڵام به خۆشحاڵییه‌وه ئه‌م ناسناوه‌م له سۆشیال میدیا پێ به‌خشرا و ئێسته من خاوه‌نی ناسناوهكهم.
بۆچی بیرۆكه‌كه‌ت جێبه‌جێ نه‌كرا؟
هۆكاره‌كه‌ی نازانم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرۆسه‌كه ئه‌نجامیش بدرایه، مه‌رج نه‌بوو من خۆم كاندید بكه‌م، گرنگ دروستكردن و ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه بوو، چونكه ئامانجی من ئه‌وه بوو ئه‌م بیرۆكه‌یه ببێته ده‌رگه‌یه‌ك بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تن، ئه‌گه‌ر له داهاتووش ئه‌م بیرۆكه‌یه‌م ببێته ڕاستی و ده‌ست به‌م پرۆسه‌یه بكه‌ن، ڕه‌نگه من خۆم كاندید نه‌كه‌م.
پێشتر وه‌ك ئه‌كته‌ر به‌شداری سینه‌مات كردووه؟
به‌ڵێ وه‌ك ئه‌كته‌ر به‌شداری كاری نواندنم كردووه و له فیلمی سینه‌مایی "كلاسیكۆ" ڕۆڵم بینیوه، هه‌روه‌ها له داهاتوودا به‌شداری فیلمی تر ده‌كه‌م، به‌ڵام ئێسته ئاشكرای ناكه‌م، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر له دراما ڕۆڵی باشم پێ بدرێ، به‌دڵنیاییه‌وه به‌شداری ده‌كه‌م.
زۆرترین ده‌ركه‌وتنت به‌هۆی چییه‌وه بوو؟
زۆرترین ده‌ركه‌وتنم به‌هۆی سۆشیال میدیاوه بووه، هه‌ر ئه‌ویش بووه هۆی ناساندنم تا ده‌ست بۆ ئه‌و كارانه ببه‌م كه خه‌ڵك وا ده‌زانن له توانای ئه‌و كه‌سانه نییه كه خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تن.
چۆن بوو تواناكانی خۆت له كاری میدیاییش تاقی كرده‌وه و ده‌ستت بۆ ئه‌م كاره برد؟
ده‌مه‌وێ سوپاسی به‌ڕێوه‌به‌ر و ته‌واوی كارمه‌ندانی كه‌ناڵی "زار" بكه‌م كه ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان بۆ ڕه‌خساندم و زۆر هاوكارمن، من یه‌كه‌م ژنی كورتهباڵام له كه‌ناڵێكی میدیایی ئاسمانی ده‌ستبه‌كار بووم، به‌رنامه‌كه‌م له تیڤی به‌ناوی "لاوگه" و به‌رنامه‌یه‌كی مه‌یدانی گه‌نجانه‌یه و ئێسته چه‌ند ئه‌ڵقه‌یه‌كی لێ تۆمار كراوه.
چ هۆكارێك وایكرد به‌رنامه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه له كه‌ناڵێكی ئاسمانی نوێ بسپێرن پێت؟
هۆكاره‌كه‌ی ڕه‌نگه ئه‌وه بێ كه ئه‌م ده‌زگه‌یه نوێیه و جیاوازی ناكات له نێوان هیچ كه‌سێك، هه‌روه‌ها سه‌یری جه‌سته و به‌ژن و باڵای كه‌سه‌كان ناكات، به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای توانا و لێهاتوویی كه‌سه‌كان كارمه‌ند وه‌رده‌گرێ و ده‌رفه‌تی كاری میدیاییان پێ ده‌به‌خشێ.
تا چه‌ند متمانه‌ت به‌خۆت هه‌یه له‌م كاره‌شدا سه‌ركه‌وتوو بیت؟
ئه‌گه‌ر متمانه‌م به‌خۆم نه‌بێ ده‌ست بۆ هیچ كارێك نابه‌م و له هیچ كارێكیش كه كردوومه په‌شیمان نیم، متمانه‌ی ته‌واوم به خۆم و تواناكانم هه‌یه، سوپاسی ئه‌م ده‌زگه‌یه ده‌كه‌م كه ده‌رگه‌یان بۆ كردمه‌وه و ڕێیان دا له ڕێی ئه‌م كه‌ناڵه‌وه به‌هره و تواناكانی خۆم ده‌ربخه‌م و نیشانی هه‌مووانی بده‌م كه خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت توانای هه‌یه و هیچ كات شایه‌نی به‌زه‌یی نییه.
له سۆشیال میدیاوه زۆر جار وێنه‌كانت به جلی كوردی و برانده‌وه بڵاو ده‌كه‌یته‌وه، ئایا وه‌ك مۆدێل كارت كردووه؟
له ڕابردوو كاری مۆدێلم كردووه، به‌ڵام ئێسته ئه‌و كاره ناكه‌م، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر له جله‌كانم له ده‌ره‌وه‌ی وڵات به پۆست بۆ دێت بێ ئه‌وه‌ی كه‌سه‌كان بناسم، ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵكانێك هه‌ن خۆشیان ده‌وێم و له‌وه تێده‌گه‌ن كه گرفتی پۆشاكم هه‌یه، لێره‌وه سوپاسیان ده‌كه‌م.
وشه/ دیمانه- محه‌مه‌د جه‌مال