سەرۆکی ئەنجوومەنیی قەزای شنگال ئاشکرای دەکات، حکوومەتی عێراق بەنیازە
لە سنووری شنگال دەروازیەکی مەرزی لەگەڵ سوریا بکاتە، ئەمەش دەبێتە مەترسییەکی رژد
بۆ سەر شنگال و ئێزدییەکان بێ ئومێد دەکات لە حکوومەتی عێراق، چونکە بە کردنەوەی ئەو
دەروازەیە وادەکات پەکەکە و حەشدی شەعبی زیاتر لە شنگال بمیننەوە .
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی تەممووز، وەیس نایف سەرۆکی ئەنجوومەنیی قەزای شنگال بە "وشە"ی راگەیاند،
حکوومەتی عێراق لەگەڵ پەکەکە رێککەوتووە لە ناوچەی خانەسۆری سەر بە شنگال دەروازەیەکی
سنووری لە نێوان سووریا و عێراق بکاتەوە و لە ئێستادا گەیشتوونەتە رێککەوتن، حکوومەتی
عێراق داوا دەکات لەو خاڵە سنوورییە ئاڵای سوریا ھەڵبدرێت و ھەموو رێکارەکانی تەواو
بووە بۆ ئەوەی بکرێتەوە، ئێمەش وەک ئەنجوومەنی و ئیدارەی شەرعی شنگال بە فەرمیی
داوامان کردووە ئەو دەروازە سنوورییە نەکرێتەوە، چونکە دەبێتە مەترسییەکی رژد بۆسەر
شنگال و وادەکات پەکەکە و حەشدی شەعبی زیاتر لەو شارە بمینێنەوە، لەبەر ئەوەی
داھاتەکەی بۆ ئەوان دەبێت .
سەرۆکی ئەنجسوومەنی قەزای شنگال دووپاتی دەکاتەوە، ماوەیەک پێش ئێستا
ئەو خاڵە سنوورییە بەشێوەیەکی نە یاسایی کراوەتەوە و بەردەوام کەلوپەلی بەشێوەی
قاچاغ لێ ھاوردە دەکرێت، بەڵام ماوەیەکە حکوومەتی عێراق دایخستووە و دەیانەوێت ئەو
خاڵە سنوورییە بکەنە فەرمیی و حەشدی شەعبی و پەکەکە کاری بازرگانی لێ بکەن.
هەولێر/ بڵند ئیبڕاھیم