ئەندامانی ئەنجوومەن داوای رێکخستنەوەی دەوامی کارمەندانی سلێمانی دەکەن

:: PM:01:51:18/07/2019 ‌

سه‌ره‌ڕای باشبوونی مووچه‌ی هاووڵاتییان و نه‌مانی پاشه‌كه‌وت تا ئێستاش به‌شێك له‌ فه‌رمانبه‌رانی چه‌ند فه‌رمانگه‌یه‌كی سلێمانی ده‌وامی رۆژانه‌یان ئاسایی نه‌كردووه‌ته‌وه‌ و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی داوا ده‌كه‌ن ئیداره‌ی پارێزگا و قایمقام ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران رێك بخه‌نه‌وه‌.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی تەمووز، با‌رزان حامید ئه‌ندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان به "وشه‌"ی راگه‌یاند، له‌ سلێمانی دەوامی فەرمانگەکان ئاسایی نییه‌، هێشتا کاریگەری سەردەمی تەنگژەی دارایی و کەم مووچەیی پێوە دیاره‌، پێویستە پارێزگار و قایمقامەکانی سنوورەکە هەوڵی رێکخستنەوەی دەوام بدەنەوە چونکە هیچ بیانویەک بۆ دەوام نەکردن نەماوە و پێویستە ئیشوکاری هاووڵاتییان لەفەرمانگەکان چیتر دوا نەکەوێت.

زیاتر روونی دەکاتەوە، كه‌م ده‌وامكردنی فه‌رمانبه‌ران کاریگەری زۆر بووە و ناکرێ لە دوو پارێزگای هەرێم موچەخۆران دەوامی فول بکەن و دوو پارێزگای تر بە جۆرێکیتر بێت، بۆیە هیوادارین لە هەفتەی داهاتوودا داموودەزگا پێوەندیدارەکان لەو بارەوە ڕێوشوێنی پێویست و ڕێکاری ئیداری بگرنەبەر تا هەموو فەرمانبەران بە یەکسانی کاتی دەوامیان ڕێک بخرێت وەک ئەوەی لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە.

كاسترۆ مه‌عروف،سه‌رۆكی فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی نیشتمانی له‌ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌وامی فه‌رمانگه‌كان كه‌مكرابویەوه‌، كێشه‌ بۆ هاووڵاتییان و راییكردنی كاره‌كانیان دروستبوبوو، به‌ جۆرێك له‌ فەرمانگەکان ده‌وام كه‌م ده‌كرا و كاری هاووڵاتییان و مامه‌ڵه‌یان رایی نه‌ده‌كرا.

دووپاتی دەکاتەوە، ئێستاش هه‌ندێک له‌ فه‌رمانگه‌كان پابه‌ندی ده‌وامكردن نین له‌ یه‌كشه‌م‌ تا پێنجشه‌م واته‌ پێنج رۆژ له‌ هه‌فته‌یه‌كدا، ده‌كرێت رێكخستنه‌وه‌ی بۆ به‌كرێت، دواجار هاووڵاتییان زیانیان پێ ده‌گات.

سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی



وشە - هیدایه‌ت جان