پاڵاوگەی بێجی.. قوربانی دەستی تایفیەت و بەرژەوەندیی سیاسی

:: PM:04:00:18/07/2019 ‌

پاڵاوگەی بێجی گەورەترین پاڵاوگەی نەوتییە لە عێراق كە توانای پاڵاوتنی رۆژانەی 310 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەیە، لە 1976 دروست كراوە و سەرچاوەی سەرەكیی بەرهەمە چۆراوجۆرەكانی كانی نەوتی بووە بە درێژایی ساڵانی رابردوو.

لە 13ی حوزەیرانی 2014 رێكخراوی داعش كۆنترۆڵی پاڵاوگەكەی كرد و دوای ساڵ و نیوێك لە جەنگی بەردەوام لە دەوروبەری پاڵاوگەكە بەهۆی گرنگییەكەیەوە، لەلایەن هێزەكانی عێراق ئازاد كرایەوە، لەو ساتەوە ساڵانێكە بەدەست دزی و تاڵانكردنێكی رێكوپێكەوە دەناڵێنێت.

شارەزا و چاودێران بۆ دۆخی عێراق ئاماژە دەكەن كە دەتوانرا ئەو پاڵاوگەیە نۆژەن بكرێتەوە، بەتایبەتی دوای ئازادكردنەوەی لە داعش لە 2015، بەڵام ئێستە وای لێهاتووە كە ئەو كارە ئەستەم بێت، بەهۆی قەبارەی ئەو وێرانكاریی و تاڵانییەی دامەزراوەكانی پاڵاوگەكەی گرتەوە.

عومەر ئیبراهیم، ئەندازیاری نەوت كە پێش وێرانكردنی لەو پاڵاوگەیە كاری دەكرد گوتی، لە رۆژانی ئازادكردنەوەی پاڵاوگەكە رێژەی زیانەكان بە نزیكەی 20% دەهاتە خەمڵاندن، بۆیە دەتوانرا تەنیا لە نۆ مانگدا بێتە نۆژەنكردنەوە، چونكە ژێرخانی سەرەكیی پاڵاوگەكە كێشەی نەبوو و زیانەكان تەنیا لە خەزان و لوولەكانی گواستنەوەدا هەبوون.

روونی كردەوە، هاتنی حەشدی شەعبی بۆناو پاڵاوگەكە دوای ئازادكردنەوەی و رێگرتنیان لە هێزەكانیتر لە هاتنەناوەوەی، بووە هۆی هەڵوەشاندنەوە و تاڵانكردنی پارچەكانی بە شێوەیەكی رێكخراو، بەتایبەتی تاوەرەكانی گەرمی و یەكەكانی كۆنترۆڵ كە دڵی پاڵاوگەكەن و بێ ئەوانە هیچ بەهایەكی نامێنێت. دووپاتی كردەوە، ئێستە قەبارەی زیانەكانی پاڵاوگەی بێجی 85%یە و هەموو پارچە سەرەكییەكانی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە هاتووەتە هەڵوەشاندنەوە و فرۆشراون.

سەرچاوەیەك لە ناو پاڵاوگەكە ئاماژە دەكات كە بەپێی دوا خەمڵاندن بۆ دۆخی پاڵاوگەكە دەردەكەوێت كە بەهیچ شێوەیەك توانای نۆژەنكردنەوەی نییە و تەنانەت شتێك نەماوە وەك پاڵاوگە بۆ ئەوەی نۆژەن بكرێتەوە. روونی كردەوە، هەموو تاوەرە گەرمییەكانی پاڵاوتن و بزووێنەر و یەكەكانی تەكنیكی و تاقیكردنەوە لێكهەڵوەشێندرانەوە و دزران، بۆیە پاڵاوگەی بێجی تەنیا ناوەكەی ماوە. 

موتەشەر سامەرایی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لەو بارەوە دەڵێت، لەبەرچاوی حكوومەتی عێراق حەشدی شەعبی پارچەكانی پاڵاوگەی بێجی دەدزێت و سەتان بارەبەری گەورە پارچەكانیان لێكهەڵوەشاندەوە و گواستیانەوە و حكوومەتیش هیچ خوستێكی نەبوو، تەنانەت ئاگەداری وەزیرانی نەوت و حكوومەتیشمان كردووەتەوە، بەڵام هیچیان پێ نەكرا. 

لای خۆیەوە موسەنا سامەرایی، پەرلەمانتاری ئێستەی عێراق ئاشكرای كرد كە ئەو لێكۆڵینەوەی پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدین لەبارەی پاڵاوگەی بێجی كردییەوە، بە گوشارەكانی ئێران و بەغدا هاتە داخستن و هیچ پەرلەمانتارێك نەیتوانی راپۆرتەكە ببینێت، لەو كاتەی بەڵگەكان دووپاتی بەرپرسیارەتی میلیشیاكانی عەسائیب و حزبوڵا و سەید ئەلشوهەدا لە لێكهەڵوەشاندنەوە و دزینی كەرەستەكانی پاڵاوگەی بێجی دەسەلمێنن و بەسەرپەرسشتی راستەوخۆی ئەبو مەهدی موهەندیس، سەركردەی دیاری حەشدی شەعبی. 

عیمام موئنس، شارەزای بواری نەوت دووپاتی دەكاتەوە كە ئەستەمە بتوانرێت پاڵاوگەی بێجی بۆ دۆخی پێشوو بگەڕێندرێتەوە، چونكە تێچووی دروستكردنی پاڵاوگەیەكی وەك بێجی رەنگە بگاتە 50 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی، ئەوەش لەلایەن عاسم چەلەبی، وەزیری پێشووتری نەوتی عێراق دووپات كراوەتەوە. ئەو شارەزایە پێی وایە كە تێچووی نۆژەنكردنەوەی پاڵاوگەكە بۆ ئەو دۆخەی پێش 2014 هەیبوو پێویستی بە 23 ملیار دۆلار هەیە، دووپاتی كردەوە كە لە بەرژەوەندی ئێران نییە ئەو پاڵاوگەیە نۆژەن بكرێتەوە كاتێك لە 2014ەوە عێراق بە بڕی نزیكەی پێنج ملیار دۆلاری ساڵانە بەرهەمی نەوتی خاوی ئێران هەناردە دەكات.

محەمەد هاشم، شرۆڤەكاری سیاسی لەو بارەوە دەڵێت، حكوومەتی ئێستەی عێراق باكی بە نۆژەنكردنەوەی پاڵاوگەی بێجی نییە و ئەو بەشانەی پاڵاوگەكە كە لێكهەڵوەشێندرانەوە بەرەو ئێران بردران و بەم دواییە لە كەرەستەكانی پاڵاوگەی بێجی ژمارەیەك پاڵاوگەی بچووك دامەزرێندراون. 

دووپاتی كردەوە كە شتێكی سەیرە كە سەرۆك وەزیرانی ئێستەی عێراق عادل عەبدولمەهدییە كە هەر ئەویش وەزیری نەوت بوو لە سەردەمی حكوومەتی پێشوو كە لەسەر دزینی پاڵاوگەكە بێدەنگ بووە، روونی كردەوە، سەربازەكانی ئێران لە عێراق لە سیاسەتوان و میلیشیاكان رێگە بە نۆژەنكردنەوەی پاڵاوگەی بێجی نادەن، ئەوەش لەسەر بنەمای پرەنسیپی وێرانكردنی ئابووری كە ئێران لە بەرانبەر ناوچە ئازادكراوەكاندا پێڕەوی دەكات.

لە ساڵانی رابردوو پاڵاوگەی بێجی كە گەورەترین پاڵاوگەی عێراق بوو، دوای وێرانكردن بە هۆی جەنگ و دواتر هەڵمەتەكانی دزین و تاڵانكردنی لەلایەن میلیشیاكانەوە وایان كرد عێراق بێبەش بێت و پشت بە دەرەوە ببەستێت بۆ دەستخستنی بەرهەمەكانی و بێجیش لە چاوەڕوانی نۆژەنكردنەوەی بێت لە عێراقێك كە سیاسەتەكانی تایفی و ئێران بەسەریادا زاڵن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل