خەرجییە زیادەكانی كۆنفرانس و ئیفاد بۆ خەزێنەی حكوومەت دەگەڕێنرێنەوە

:: AM:09:42:20/07/2019 ‌

لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێداگری لە ئەنجامدانی چاكسازی دەكرێت و یەكێك لەو خەرجییانەی تیشكی خراوەتە سەر و كار بۆ كەمكردنەوەی دەكرێت، خەرجیی كۆنفرانس و ئیفاد و كۆنگرەكانە كە لەلایەن حكوومەت و وەزارەتەكان بەڕێوە دەچن، ئەم هەنگاوە بە هەنگاوێكی گرنگ بۆ پاراستنی سامانی گشتی و كەمكردنەوەی گەندەڵی هەژمار دەكرێت.

هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان لە حەوت بەشدا پۆلێن كراون، پێداگری لەوەش كراوە لەم كابینە نوێیەدا هەوڵ دەدەن كەمترین وتار و زۆرترین كرداریان هەبێت. سەرەكیترین هێڵ كە لە بەرنامەی كاری حكوومەت ئاماژەی پێ كراوە، بریتییە لە چاكسازی و لە 13 خاڵی جیاوازدا پلانی چاكسازی خراوەتە روو.

یەكێك لەو خاڵانەی لەم بەشەی چاكسازیدا ئاماژەی پێ كراوە، بریتییە لە ئەنجامدانی ئیفاد و سەفەر و بەستنی كۆنگرە و كۆنفرانس، بەپێی پێویست و دووپاتیش كراوەتەوە كە رێ لە بەهەدەردانی سامان و خراپ بە كارهێنان و بە لاڕێدابردن لەم بوارانەدا دەگیرێت.  پێداگریكردن لەم خاڵانە لە بوونی كێشەكە سەرچاوە بگرێت، ئەگەرنا پێویستی نەدەكرد ئاماژەی پێ بكرێت. 

لە هەرێمی كوردستان ساڵانە چ لەسەر ئاستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و چ لەسەر ئاستی وەزارەتەكان و تەنانەت بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان، بەبۆنەی جیاواز و لەژێر دروشمی جۆراوجۆر دەیان و بگرە سەدان كۆنفرانس و كۆنگرە دەبەسترێن كە هەندێكیان پاشگری "نێودەوڵەتیشیان" پێوەیە، ئەگەر بەستنی هەندێك لەم كۆنگرە و كۆنفرانسانە بۆ پێكانی ئامانجێك وەك پێویستییەكی هەنووكەیی سەیر بكرێت، ئەوا كەم نین ئەو كۆنفرانس و كۆنگرانەی ساڵانە بەڕێوە دەچن و جگە لە بە فیڕۆدانی سامانی گشتی و كردنەوەی دەرگەی گەندەڵی، هیچ سوودێكیان نییە.

زۆر جار وەزارەتەكان بۆ ئەوەی پێشانی بدەن چالاكییەكەیان كەمتر لە وەزارەتێكی تر نییە، ئەم جۆرە كۆنفرانسانە لە ژێر ناوی جیاواز رێك دەخەن. یان سەفەری دەرەوەی وڵات و گەشت و ئیفاد بۆ كارمەند و بەڕێوەبەرەكانیان رێك دەخەن.

بەستنی هەر كۆنفرانس و چالاكییەك بودجەی تایبەتی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكە یان وەزارەتەكە بۆ تەرخان دەكرێت و سەرجەم خەرجییەكانی بانگهێشتكردنی میوان، بەكرێگرتنی هۆڵی كۆنفرانس لە هوتێل و پێدانی ژەمی خواردن و هەندێك جار سوپاسنامە و شوێنی حەوانەوە، خەرجییەكی زۆر هەڵدەگرن كە سەرجەم ئەم خەرجییانە لە خەزێنەی گشتی كەم دەبنەوە.

ئەگەر سەیری رۆژمێر بكرێت، رۆژ نییە تایبەت نەبێ بە بۆنەیەكی جیهانی و وەك نەریتێكی چاولێكەری لە كوردستان هاوشێوەی وڵاتانی تر كۆنفرانسێكی لەسەر پێكدێت. لە كاتێكدا بەشێك لەو بۆنانە ئەوەندەی پێویستییان بە هەنگاوی كردەنیی بۆ مەبەستی چارەسەركردن هەیە، پێویستی بەوە نییە كۆنفرانسی بۆ بكەیت و لە پشتی مایكەوە قسەی بریقەداری بێ كردار بگوترێن. 

بۆ نموونە بە دەیان كۆنفرانس لەسەر گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لە هۆڵی كۆنفرانسەكانی هوتێلەكان بەستراون، هەر ئەوانەش لە ریزی پێشەوەی كۆنفرانسەكە دانیشتوون، خۆیان لە گەندەڵییەكەدا دەستی باڵایان هەیە و قسە بریقەدارەكانیش هەر لەلایەن ئەوانەوە دەگوترێن، بەڵام هیچ كام لەم كۆنفرانسانە بەقەدەر ئەوە بایەخیان نییە وەزیرێك بە كردەنی بەڕێوەبەرێك یان فەرمانبەرێكی رووبەڕووی دادگا و لێپێچینەوە بكاتەوە.

هەرچەندە ژمارەی كۆنفرانس و كۆنگرەكان لە سەردەمی تەنگژەی دارایی بەراورد بە پێش تەنگژەی دارایی دابەزی، بەڵام پێ دەچێت حكوومەتی نوێ ژمارەیەش كەمتر بكاتەوە. 

زۆر لە كۆنفرانسە گرینگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هوتێلە گەورەكان دەبەسترێن كە خەرجییەكی زۆر دەخەنە سەرشانی حكوومەت. 

"وشە" نموونەی هۆڵێكی "هوتێل دیدمان"ی هەولێری بە نموونە وەرگرتووە كە رۆژێك كۆنفرانس لە یەكێك لە هۆڵەكانی، دوو هەزار و 500 دۆلارە و ئەگەر كۆنفرانسەكە بۆ دوو رۆژ بێت، نرخەكەی بۆ پێنج هەزار دۆلار بەرز دەبێتەوە، بۆ خەرجیی مانەوەی هەر كەسێكیش لە هوتێل ئەگەر میوانەكە لە دوورەوە هاتبن، 120 دۆلار دەستنیشان كراوە.

بۆ نموونە ئەگەر تێبینی ئەوە بكرێ كۆنفرانسێك بە بەشداری 100 كەس بەڕێوە بچێت و ژووری حەوانەوە بۆ ماوەی شەوێك بۆ 50 كەسیان دابین بكرێت، خەرجی كۆنفرانسەكە لە ماوەی دوو رۆژدا بۆ سەرووی 10 هەزار دۆلار بەرز دەبێتەوە. ئەمە جگە لە خەرجی گواستنەوە و ئامادەكاری بۆ كۆنفرانس و ئەو شتانەی لە كۆنفرانسەكەدا پێشكەش دەكرێن.

ئەمە نموونەی هوتێلێكی مامناوەندە، لە كاتێكدا زۆربەی جار لە هوتێلە پێنج ئەستێرەكان ئەم چالاكی و كۆنفرانسانە دەبەسترێن. ئەگەر ساڵانە هەر وەزارەتێك بە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانیەوە لە پارێزگاكان 10 چالاكی هاوشێوەی هەبێت، ئەوا بەلایەنی كەمەوە 200 كۆنفرانس دەبەسترێن و ئەگەر تێكڕای خەرجی هەر كامێكیان تەنیا 10 هەزار دۆلار بێ، ئەوا دوو ملیۆن دۆلار لە بودجەی حكوومەت كەم دەكەنەوە.

دكتۆر ئەرشەد تەها پسپۆڕی ئابووری، بۆ "وشە" پێی وایە، زۆری و بۆری كۆنفرانسەكان، ناردنەدەرەوەی فەرمانبەر و بەڕێوەبەر و ئیفاد، بەشێك بووە لەو گەندەڵییانەی لە رابردوودا هەبووە و كەسانێك ئەمەیان لە قازانجی خۆیان یان بۆ مەبەستی گەندەڵی بەكار هێناوە.

ئەو دەڵێ "سووربوونی حكوومەتی نوێ لەسەر بنبڕكردنی گەندەڵی جێی خۆشحاڵییە، بەڵام ئەمەیش نابێت بەو واتایە بێت لەم وڵاتەی ئێمە هیچ كۆنفرانسێك بەڕێوە نەچێت یان هیچ كۆنگرەیەك رێك نەخرێت، وڵاتانی تریش كۆنفرانسیان هەیە و گەشت بۆ فەرمانبەر رێك دەخەن، بەڵام ئەوەی ئەم دوو شتە جیا دەكاتەوە، بریتییە لە چاودێری و لێپێچینەوە و ئەگەر بچووكترین بەفیڕۆدانی سامانی گشتی هەبێت و بچووكترین گەندەڵی رێی لێ بگیرێت، ئەوا گەندەڵی گەورەش پێشی پێ دەگیرێت.

ئەو نموونەیەك دێنێتەوە دەڵێ "مامۆستا هەبووە وەك ئیفاد بۆ دەرەوە رەوانە كراوە، بەڵام ئەو ژن و منداڵەكانیشی بردووە و ئەو ماوەیە خەرجی ژن و منداڵەكانیشی خستووەتە سەرشانی حكوومەت.

حكوومەتی نوێ ئەگەر لەم خاڵەی چاكسازیی نیوەی ئەو خەرجییانە بۆ حكوومەت بگەڕێنێتەوە، ئەوا هەنگاوێكی باشی ناوە و ئەگەر بەم شێوەیە لە هەموو رەهەندەكان چاكسازی بكرێ و پێش بە گەندەڵی بگیرێت، دواجار بودجەیەكی زۆر بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێنرێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان