لە كتێبێكی نوێدا چیرۆك و دراما ونبووەكانی دڵشاد مەریوانی بڵاو دەكرێنەوە

:: AM:09:47:20/07/2019 ‌

سابیر رەشید لە كاركردن لە زنجیرە كتێبی "كتێبخانەی چیرۆكی كوردی" بەردەوامە و لە چوارەمین كاریدا كە تایبەتە بە چیرۆكەكانی دڵشاد مەریوانی، وێڕای بڵاوكردنەوەی لێكۆڵینەوەیەك لەسەر چیرۆكەكانی، چەند چیرۆك و درامایەكی ونكراوی مەریوانی بڵاو دەكاتەوە و لە "وشە" باس لە گرنگی ئەو كتێبە دەكات.

لە درێژەی پڕۆژەی "كتێبخانەی چیرۆكی كوردی" كە ماوەیەكە سابیر رەشید نووسەر و چیرۆكنووس كاری لەسەر دەكات، كتێبی "دڵشاد مەریوانی.. نوێكاری چیرۆكی كوردی" بڵاو كرایەوە، هەڵبەتە دڵشاد مەریوانی كەسایەتییەكی فرەبەهرە بووە، چەندان بواری هونەری و ئەدەبی وەك شیعر و نواندن و وەرگێڕان دەركەوتووە، بەڵام لەم كتێبەدا تەنیا رۆشنایی دەخرێتە سەر چیرۆكەكانی مەریوانی.

كتێبی "دڵشاد مەریوانی" لە 206 لاپەڕە پێكهاتووە، هەفتەی رابردوو لە هەولێر بڵاو كراوەتەوە، پێشتر زۆربەی لایەنەكانی هونەر و ئەدەبی دڵشاد مەریوانی قسەی لەسەر كراوە، بەڵام لەم كتێبە نوێیەدا تەنیا قسە لەسەر چیرۆكەكانی دەكرێ‌. رەنگە بگوترێت لەلایەن ئەدیب و رەخنەگرانی كورد باسی چیرۆكەكانی دڵشادیش كراوە، بەڵام خوێنەری ئەم كتێبە هەرزوو هەست بەوە دەكات سابیر رەشید هیچ یەكێك لەم بۆچوونانەی فەرامۆش نەكردووە، تەنانەت یەكێك لە ئەركەكانی ئەو لەم كتێبەدا ئەوەیە بۆچوونی نووسەران لەبارەی چیرۆكەكانی دڵشاد مەریوانی دەخاتەڕوو، ئەمەیش یەكێكە لە باسە سەرەكییەكانی كتێبەكە.
 بۆ ناساندن و دەرخستنی گرنگی ئەم كتێبە، دەبێ بە وردی ئاماژە بۆ ئەو ئەركە رۆشنبیری و ئەدەبییانە بكەین كە ئەم كتێبە ئەنجامی داوە. بەر لە هەموو شتێك سابیر رەشید لەم كتێبەدا كۆمەڵێك چیرۆك و درامای دڵشاد مەریوانی بڵاو كردووەتەوە كە تەنانەت لە كۆبەرهەمەكەی مەریوانیدا نەبوون.

 دوای پێشكەشكردن، بیبلۆگرافیایەك بۆ سەرجەم چیرۆكەكانی دڵشاد مەریوانی دروست دەكات كە بەپێی بیبلۆگرافیاكە مەریوانی 63 چیرۆكی بڵاو كردووەتەوە، جا هەندێكیش لە شێوەی كۆمەڵە چیرۆك و هەندێكی تریش دانە دانە لە رۆژنامە و گۆڤاری حەفتاكان و هەشتاكانی سەدەی رابردوو بڵاوی كردوونەتەوە.

 دوای خستەڕووی بیبلۆگرافیاكە، كتێبەكە چوار باسی سەرەكی لەخۆ دەگرێ‌. باسی یەكەم یەكێكە لە باسە گرنگ و نوێیەكان كە لەبارەی ئەدەبی دڵشاد مەریوانی بڵاو دەكرێتەوە. ناونیشانی ئەو باسە بریتییە لە "بیروڕای دڵشاد مەریوانی لەبارەی چیرۆكی كوردی بە گشتی و نوێكاری چیرۆكی كوردی"، لەم باسەدا ئێمە دیوێكی تری دڵشاد مەریوانیمان بۆ دەردەكەوێ‌، ئەویش بواری رەخنەیە.

لەم باسەدا سابیر رەشید كۆمەڵێك بیروڕای مەریوانی لەبارەی چیرۆكی نوێی كورد كۆ كردووەتەوە. لە نووسینەكان دەردەكەوێ‌ دڵشاد شارەزاییەكی وردی لەبارەی زاراوەكانی چیرۆكنووسی هەبووە، لە كۆمەڵێك نووسیندا تاوتوێی كردوون و ئاستی بەكارهێنانی هەریەكەیانی لە چیرۆكی كوردی هەڵسەنگاندووە، ئاماژەی بۆ كۆمەڵێك ئەزموون كردووە و تەنانەت رەخنەیشی گرتووە و یەكێك لەو كەسانەی كەوتووەتە بەر رەخنەكان، چیرۆكەكانی خۆیەتی. 

دڵشاد لەبارەی هەندێك لە چیرۆكەكانی دەنووسێ‌، دڵشاد محەمەد ئەمین ئەو مۆنتاجانەی كردوویەتی بەتایبەتی لە چیرۆكی "ماسی، تەور، فیووز" پێوەندییەكی دیالێكتیكی نییە بە جەوهەری باسەكەیەوە، بۆیە لە ناوەڕۆكدا چیرۆكەكە زیاتر بەرەو ناتۆرالیزمی رۆیشتووە و تەنیا ناسازی دژوارییەكانی دەرەوەی دەرخستووە.

باسی دووەم بە ناوی "دڵشاد مەریوانی لە دیدی نووسەرانەوە" لە دووتوێی كتێبەكە دانراوە، سابیر رەشید تاوتوێی بۆچوونی ئەو ئەدیبانە دەكات كە پێشتر قسەیان لەسەر چیرۆكەكانی دڵشاد مەریوانی كردووە، لەوانە مارف خەزنەدار و حوسێن عارف و ئیبراهیم قادر و حەمەسەعید حەسەن و عەبدولڕەزاق بیمار و ئازاد حەمەسەعید و چەندان نووسەری تر.  

باسی سێیەم دیسان تایبەتە بە "نوێكاری ناونیشان لە چیرۆكەكانی دڵشاد مەریوانی"، لەم بەشەدا سابیر رەشید قسە لەسەر تەواوی ئەو ناونیشانانە دەكات كە دڵشاد مەریوانی بۆ چیرۆكەكانی بەكاری هێناون، هەڵبەتە بابەتی "ناونیشان" تەنیا وەك نموونەیەك وەرگیراوە لە نوێكاری چیرۆكەكانی دڵشاد مەریوانی. 

سابیر رەشید لەو بەشەدا ئەوە دەخاتە ڕوو، هەندێك لەو ناونیشانانەی دڵشاد مەریوانی بۆ چیرۆكەكانی داناون، ئاسایین و هەندێكیان شاعیری، هەروەها هەندێكیان بۆ خوێنەر سەرنجڕاكێش و فریودەرن، هەندێك سووریالی و باو نین، لە نموونەی "پێنج چاوی خوێناوی" و "خوێنی سپی". لەم بەشەدا سابیر رەشید ناونیشانی چیرۆكەكانی دڵشاد مەریوانی پۆلێن دەكات.

 لە باسی چوارەمدا بەشێوەیەكی گشتی باس لە نوێكاریی چیرۆكەكانی دڵشاد مەریوانی دەكرێت، لەم بەشەدا سابیر رەشید چەند چیرۆكێكی بە نموونە وەرگرتووە و تاوتوێیان دەكات. ئەوانیش بریتین لە چیرۆكەكانی "تاڤگەی تێزاب" و "محازەرەیەك دەربارەی كورتە چیرۆك و سۆوەت" و "گرەوی ئینجانەیەكی خڕ و یانزە گوڵ" و "قاڵۆنجە" و "سوور+ رەش: سەوز" و "بیركردنەوە بە دەنگی بەرز" و "پێنج چاوی خوێناوی" و چەندان چیرۆكی تر.

سابیر رەشید تا ئێستە چەندان توێژینەوەی لەسەر چیرۆكی كوردی كردووە، لە وەڵامی چەند پرسیارێكی "وشە" باسی لەو پڕۆژەیە كرد كە چەندان ساڵە پێیەوە سەرقاڵە و بە "كتێبخانەی چیرۆكی كوردی" دەناسرێت، كتێبەكەی "دڵشاد مەریوانی"یش بەشێكە لە پڕۆژەكە. 
سابیر رەشید بە"وشە"ی گوت "كتێبخانەی چیرۆكی كوردی پڕۆژەیەكە مەبەستم لێی بەسەركردنەوە و بە ئەرشیڤكردن و بەرچاوخستنی چیرۆكنووسانی بە ئەزموون و نوێكار و رێچكەشكێنە، كە خۆیان چیرۆكەكانی خۆیان كۆ نەكردووەتەوە، من دەمەوێ‌ لەرێی ئەم كتێبخانەیەوە بیانخەمە كتێبخانەی كوردی تا ببن بە سەرچاوە، چونكە ئەو سەرچاوانەی ئەوان بابەتەكانیان تیادا بڵاو كردووەتەوە، كەمتر ماون و دەست دەكەون". 

"یەكەم كارم بۆ لەتیف حامید و دووەمم بۆ سەدرەدین عارف و سێیەم بۆ ئەحمەد شاكەلی بوو، ئەوەتا چوارەم كاریشم بۆ دڵشاد مەریوانییە و هێشتا ئەو پڕۆژەیە بەردەوام دەبێ‌ تا دەگاتە ئیحسان مستەفا هەولێری و هی تریش" رەشید وای گوت.

سابیر رەشید لە كاتێكدا بایەخ بەو پڕۆژەیە دەدات، ژانری چیرۆك بەرەبەرە لە پاشەكشەدایە و تەنانەت لەناو گەنجاندا بایەخی پێ نادرێت، سابیر رەشید لە بەشێكی قسەكانی باسی لەم دیاردەیە كرد و هەوڵی دا بۆ "وشە" بە كورتی باس لە هۆكارەكانی بكات. 

سابیر رەشید گوتی، "هۆی بایەخنەدانی چیرۆكنووس بە ژانری چیرۆك بەر لە هەموو شتێك ئەوەیە كەناڵەكانی بڵاوكردنەوە زۆرن و ئێمە وەك جاران هەموویان نابینین، بۆیە تا ئێستەیش هەوڵی جوان هەن، بەڵام لە بەرانبەردا بزووتنەوەی رەخنەمان لاوازە و خوێندنەوە و لێكۆڵینەوە بۆ ئەو دەقانە نییە، یان هەیە و لاوازە و هێشتا لە حاڵەتی موجامەلەی یەكتردایە".

سابیر رەشید باسی لە هۆی دووەم كرد و گوتی، "چیرۆكنووسان كەمتر وەك جاران روو لە نووسینی كورتەچیرۆك ناكەن، ئەمەیش دوو جۆرە، جۆرێكیان لەبەر نووسینی رۆمان دنیای چیرۆكیان فەرامۆش كردووە كە خۆیشم یەكێكم لەوان. جۆری دووەم ئەوانەن وشك بوونەتەوە و یان لەبەر دنیای فەیسبووك و سایتە ئەلیكترۆنییەكان وازیان لە ئەدەبی كاغەزی و بڵاوكردنەوە هێناوە، هۆكارێكی تریش ئەوەیە بڵاوكراوەی وەك رۆژنامە و گۆڤاری ئەدەبی زۆربەیان وەستاون، گرنگترین هۆكاریش كەمتەرخەمی هەندێك لە چیرۆكنووسەكانە بە بیانووی ئەوەی كەس نییە كتێبیان بۆ چاپ بكات یان كتێب نافرۆشرێ‌، زیاتر بایەخ بە رۆمان دەدەن، چونكە هەم لە فرۆشتنەوە باشترە لە چیرۆك و خوێنەران و رەخنەگرانیش زیاتر بایەخی پێ دەدەن".

دواجار لە وەڵامی پرسیارەكانی "وشە" سابیر رەشیدی نووسەر و لێكۆڵەر هاتە سەر كتێبی "دڵشاد مەریوانی.. نوێكاری چیرۆكی كوردی" لەوبارەیەوە گوتی، "بۆچوونی من لەبارەی دڵشاد مەریوانی ئەوەیە ئەو كەسێكی فرەبەهرە بوو و لە هەموو ژانرە ئەدەبییەكاندا بە توانا بوو، بەتایبەتی لەبارەی چیرۆكنووسینەوە كە لەم كتێبەدا لە چیرۆكەكانی دوواوم، بۆ خوێنەرانم روون كردووەتەوە كە هەموو نووسینەكانی دڵشاد لەبارەی چیرۆكی كوردییەوە گرنگن و هەمیش وەك چیرۆكنووس، ئەو لە ناونیشانی نوێ رێچكەشكێن بوو، بۆیە بەشێكی لێكۆڵینەوەكەم تایبەت كردووە بە ناونیشانەكانی".

سابیر رەشید لە دواین قسەی هاتە سەر گرنگی ئەو كتێبە نوێیە و گوتی، "ئەوەی گرنگە لەو كتێبەدا دۆزینەوەی 13 چیرۆكی دڵشاد مەریوانییە، چیرۆكی گرنگی ئەون، كەچی لە كۆبەرهەمەكەی دكتۆر ئازاد حەمەشەریف نین، ئەو كارەی من تەواوكەری كۆچیرۆكەكانی ئەون لەگەڵ بڵاَوكردنەوەی پێنج لە دراماكانی دڵشاد مەریوانی كە هەموو ئەو چیرۆك و درامایانە لەناو تەپوتۆزی رۆژنامە و گۆڤارە تۆز لێنیشتوو و رزیو و ونبووەكان دۆزراونەتەوە و بۆ توێژەر و خوێنەری زیرەك و بە ئەمەك وەك دیاری پێشكەشیان كراوە".







وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل