دەست بەسەرداگرتنی كەشتی نەوتهەڵگری بەریتانی نرخی نەوت هەڵكشاند

:: AM:10:47:20/07/2019 ‌

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهانی لە دواین سەعاتەكانی هەفتەبازاڕی بۆرسە هەڵكشا و ئەمەش دوای ئەوەی كەشتییەكی نەوتهەڵگری بەریتانی لە لایەن ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیرا.

لە سەرەتای هەفتەكەوە نرخی نەوت بەردەوام لە دابەزیندا بوو و جگە لە ئێوارەی دوێنێ هەینی كە نرخەكەی هەڵكشا، لە سەرجەم رۆژەكانی تری هەفتە نرخی نەوت دابەزیبوو.

لە سەرەتای هەفتەكە نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بریتی بوو لە 66 دۆلار و 80 سەنت، بەڵام لە كۆتایی هەفتەدا بە 62 دۆۆلار و 81  سەنت داخرا و ئەمەش نیشانی دەدات لە ماوەی هەفتەكەدا نرخی نەوت چوار دۆلار دابەزیوە.

رۆژی هەینی بەر لە رووداوی دەست بەسەرداگرتنی كەشتیی نەوتهەڵگری بەریتانی لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێران نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بۆ 61 دۆلار و دوو سەنت دابەزیبوو، بەڵام بەهۆی رووداوەكە نزیكەی دۆلارێك بەرز بووەوە و چارتی گۆڕانكارییەكانی نرخی نەوت لە رۆژی هەینیدا بە سەوز داخرا.

هەفتەیەك پێشتر لە ژێر كاریگەریی دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمەریكا نرخی نەوت هەڵكشابوو، بەڵام  ئاساییبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمەریكا  و دووبارە دەستپێكردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە كەنداوی مەكسیكۆ كە بە هۆی زریانێكی سەخت بەرهەمهێنانەكەی دابەزیبوو، نرخی نەوتیش لە چوار رۆژی یەكەمی ئەم هەفتەیە دابەزی.

بەگوێرەی dailyfx نرخی نەوتی ئەمەریكیش لە سەرووی 60 دۆلارەوە بۆ 55 دۆلار دابەزیبوو، بەڵام بەهۆی رووداوی كەشتییە نەوتهەڵگرەكەی بەریتانیا   نرخەكەی بۆ  55 دۆلار و 72 سەنت هەڵكشایەوە.

پێشبینی دەكرێ رۆژی دووشەم لەگەڵ كردنەوەی بازاڕی بۆرسە نرخی نەوتیش زیاتر بەرز ببێتەوە چونكە كاریگەرییەكانی ئەم رووداوە كاریگەریی بۆ سەر پرۆسەی گواستنەوەی نەوت دەبێت.



وشە - سلێمان تاشان